«ئەی ئۆرشەلیم هەستە! پڕشنگ بدەوە، چونکە ڕووناکییت هات، شکۆمەندی یەزدانیش بەسەرتدا گزنگی داوە. |
ئەوەتا تاریکی زەوی داپۆشیوە و هەوری تاریش نەتەوەکان. بەڵام یەزدان بەسەر تۆدا گزنگ دەدات، شکۆمەندییەکەشی بەسەرتەوە دەبینرێت. |
نەتەوەکان بەرەو ڕووناکی تۆ دێن، پاشاکانیش بەرەو گزنگی ڕووناکییت. |
«چاو هەڵبڕە بۆ دەوروبەری خۆت و تەماشا بکە! هەموو کۆبوونەوە و بۆ لای تۆ هاتن، کوڕەکانت لە دوورەوە دێن و کچەکانیشت لە ئامێز دەگرن. |
ئینجا تەماشا دەکەیت و ڕووناکییت لێ دەبارێت، لە خۆشیدا دڵت دادەخورپێت، چونکە سامانی دەریا بۆ تۆ دەگوازرێتەوە، دەوڵەمەندی نەتەوەکان بۆ لای تۆ دێت. |
ڕەوە وشتر زەویت دادەپۆشێت، وشترەکانی میدیان و عێفا. هەموو لە شەباوە دێن، زێڕ و بخووریان بارکردووە، ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنن. |
هەموو مەڕی قێدار بۆ تۆ کۆدەکرێتەوە، بەرانەکانی نەبایۆت لەژێر دەستتدان، بە پەسەندییەوە سەردەخرێنە سەر قوربانگاکەم و پەرستگای شکۆمەندیم شکۆمەند دەکەم. |
«ئەوانە کێن وەک هەور دەفڕن و وەک کۆتر بەرەو ماڵەکانیان؟ |
بێگومان دوورگەکان چاوەڕوانی منن، هەروەها کەشتییەکانی تەرشیش لەپێشەوەن بۆ هێنانی کوڕەکانت لە دوورەوە، زێڕ و زیوەکانیشیان لەگەڵیاندایە بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارت، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە شکۆداری کردیت. |
«نەوەی بێگانە شووراکانت بنیاد دەنێنەوە، پاشاکانیان خزمەتت دەکەن. هەرچەندە لە کاتی تووڕەییمدا لێم دایت، بەڵام لە کاتی ڕەزامەندیمدا بەزەییم پێتدا دێتەوە. |
دەروازەکانت هەمیشە واڵا دەبن، شەو و ڕۆژ داناخرێن بۆ هێنانی سامانی نەتەوەکان بۆت و پاشاکانیشیان بە پێش دەدرێن، |
چونکە ئەو نەتەوە و شانشینەی خزمەتت نەکات لەناودەچێت و بە تەواوی وێران دەبێت. |
«شانازی لوبنان بۆ تۆ دێت، داری سنەوبەر، کاژ و سەروو پێکەوە، بۆ ڕازاندنەوەی جێی پیرۆزگاکەم و شوێنی پێیەکانم شکۆدار دەکەم. |
کوڕی ئەوانەی تۆیان زەلیل کرد بە کڕنۆشەوە دێن بۆ لات، هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکردیت کڕنۆش بۆ بنی پێت دەبەن و پێت دەڵێن: شاری یەزدان، سییۆنی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل. |
«لە جێی ئەوەی بەجێماو و ڕق لێبوو و بێ ڕێبوار بیت، دەتکەمە شانازی هەتاهەتایی، شادی نەوە دوای نەوە. |
لە شیری نەتەوەکان دەخۆیت، لە مەمکی شاهانە شیر دەخۆیت. جا دەزانیت کە منی یەزدان، ڕزگارکەری تۆم، ئەوەی تۆ دەکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە. |
لە جیاتی بڕۆنز زێڕ و لە جیاتی ئاسنیش زیو دەهێنم، لە جیاتی داریش بڕۆنز و لە جیاتی بەردیش ئاسن دەهێنم. سەلامەتی دەکەمە سەرپەرشتیارت و ڕاستودروستی دەکەمە سەرکارت. |
ئیتر نە ستەم لە خاکەکەتدا دەبیسترێت نە وێرانی و شکانیش لە سنوورەکانت، بەڵکو شووراکانت ناو لێ دەنێیت:”ڕزگاری“و دەروازەکانیشت”ستایش“. |
ئیتر خۆر بۆت نابێتە ڕووناکی ڕۆژ، درەوشانەوەی مانگیش نابێتە سەرچاوەی ڕووناکی تۆ، بەڵکو یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی، خوداشت دەبێتە شکۆمەندیت. |
لەمەودوا خۆری تۆ ئاوا نابێت، مانگی تۆ کەم ناکات، چونکە یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی، ڕۆژانی ماتەمینیت تەواو دەبێت. |
لەو کاتەدا گەلەکەت هەمووی ڕاستودروست دەبن، زەویش بۆ هەتاهەتایە موڵکی خۆیان دەبێت. ئەوەی من ناشتوومن نەمامن، دەستکردی منن بۆ شکۆمەندبوونم. |
بچووک دەبێت بە هەزار و بچووکترین بە نەتەوەیەکی مەزن. من یەزدانم، لە کاتی خۆیدا پەلەی لێ دەکەم.» |