کە یەکێکتان سکاڵایەکی لە یەکێکی دیکە هەبوو، چۆن دەوێرێ کێشەکەی بباتە لای بێباوەڕان بۆ ئەوەی ئەوان حوکمی بۆ بدەن و لای گەلی پیرۆزی خودا نەبێت؟ |
ئایا نازانن گەلی خودا جیهان حوکم دەدەن؟ ئەگەر ئێوە حوکم بەسەر جیهاندا بدەن، ئایا شایستە نین حوکم بەسەر بچووکترین شتدا بدەن؟ |
ئایا نازانن ئێمە حوکم بەسەر فریشتەکاندا دەدەین؟ چەندە زیاتر حوکم بەسەر شتەکانی ئەم ژیانە دەدەین؟ |
جا ئەگەر لە ژیانی ڕۆژانەدا کێشەتان هەبێت، ئایا دەیبەنە لای دادوەری بێباوەڕ کە کڵێسا پەسەندیان ناکەن؟ |
من ئەمە دەڵێم بۆ ئەوەی شەرم بکەن. ئایا یەکێکی داناتان تێدا نییە بتوانێت دادوەری لەنێو برایانی بکات؟ |
بەڵام برا برای خۆی بۆ دادگا دەبات، لەبەردەم بێباوەڕان ئەمە دەکات! |
لە ڕاستیدا شورەییە بۆتان لەنێوتاندا سکاڵا لە یەکتر بکەن. باشتر نەبوو زۆرلێکراو بن؟ باشتر نەبوو فێڵلێکراو بن؟ |
بەڵام ئێوە زۆرداری و فێڵ دەکەن، تەنانەت لە خوشک و برایانیشتان! |
ئایا ئێوە نازانن کە زۆرداران نابنە میراتگری شانشینی خودا؟ هەڵمەخەڵەتێن. نە بەڕەڵا و نە بتپەرست، نە داوێنپیس و نە هاوڕەگەزباز، |
نە دز و نە چاوچنۆک، نە سەرخۆش و نە جنێوفرۆش و نە تاڵانکەر، نابنە میراتگری شانشینی خودا. |
جا هەندێکتان بەم شێوەیە بوون. بەڵام شۆرانەوە و پیرۆزکران و بێتاوان کران بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و ڕۆحی خودامان. |
«هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هیچ شتێک بەسەرمدا زاڵ نابێت. |
«خواردن بۆ ورگە و ورگیش بۆ خواردن،» کەچی خودا هەردووکیان لەناودەبات. بەڵام جەستە بۆ داوێنپیسی نییە، بەڵکو بۆ مەسیحی خاوەن شکۆیە و مەسیحیش بۆ جەستەیە. |
خوداش مەسیحی خاوەن شکۆی هەستاندەوە و بە هێزی خۆی ئێمەش هەڵدەستێنێتەوە. |
ئایا نازانن لەشتان ئەندامی جەستەی مەسیحە؟ ئایا ئەندامی جەستەی مەسیح بکەمە ئەندامی لەشفرۆشێک؟ نەخێر! |
یاخود نازانن ئەوەی خۆی بە لەشفرۆشێکەوە نووساندووە، لەگەڵی بووەتە یەک جەستە؟ چونکە دەفەرموێ: [هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.] |
بەڵام ئەوەی لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ یەکبگرێت، لەگەڵی دەبێ بە یەک ڕۆح. |
لە داوێنپیسی ڕابکەن. هەر گوناهێک مرۆڤ بیکات، لە دەرەوەی جەستەیە، بەڵام ئەوەی داوێنپیسی دەکات ئەوا لە دژی جەستەی خۆی گوناه دەکات. |
یاخود نازانن کە لەشتان پەرستگای ڕۆحی پیرۆزە کە لە ئێوەدایە و لەلایەن خوداوەیە هەتانە؟ ئێوەش هی خۆتان نین، |
چونکە ئێوە بە نرخێک کڕاون. جا بە لەشتان ستایشی خودا بکەن. |