بەڵام لەبارەی کۆمەک بۆ گەلی پیرۆزی خودا، چۆن کڵێساکانی گەلاتیام ڕاسپاردووە، ئێوەش ئاوا بکەن. |
لە سەرەتای هەر هەفتەیەک با هەریەکەتان چەندی لە توانادایە بیخاتە لایەک، تاکو کۆمەکەکە ئەو کاتە نەبێت کە دەگەمە لاتان. |
کاتێک گەیشتمە لاتان، جا ئەوانەی پەسەندکراون بە نامەوە دەیاننێرم تاکو دیارییەکانتان بگەیەننە ئۆرشەلیم. |
ئەگەر بە باشم زانی کە منیش بچم، ئەوا لەگەڵ من دەچن. |
کاتێک لە مەکدۆنیا تێپەڕیم دێمە لاتان، چونکە بە مەکدۆنیادا تێدەپەڕم. |
لەوانەیە ماوەیەک لەلاتان بم، یاخود هەموو زستان، تاکو ڕێگای سەفەرم بۆ ئاسان بکەن بۆ هەر شوێنێک کە بۆی دەچم، |
چونکە ئەم جارە نامەوێت تەنها بە سەرپێیی بتانبینم، بەڵکو هیوادارم ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت ماوەیەک لەلاتان بمێنمەوە. |
بەڵام هەتا ڕۆژی پەنجایەمین لە ئەفەسۆس دەمێنمەوە، |
چونکە دەرگایەکی پان و بەرینم لێ کراوەتەوە بۆ خزمەتێکی کاریگەر، هەرچەندە دوژمنێکی زۆریشم هەیە. |
ئەگەر تیمۆساوس هات، ئاگاداربن با لەلاتان بەبێ ترس بێت، چونکە کاری یەزدان دەکات، وەک منیش دەیکەم. |
با کەس بە سووکی سەیری نەکات، بەڵکو بە ئاشتی بینێرنەوە لام، چونکە من و برایان چاوەڕێی دەکەین. |
هەروەها سەبارەت بە ئەپۆلۆسی برامان، زۆر پاڕامەوە کە لەگەڵ برایان بێتە لاتان، ئەو هەرگیز نەیویست ئێستا بێتە لاتان، بەڵام کە بۆی ڕێککەوت، دێت. |
ئێشک بگرن، لە باوەڕ بچەسپێن، ئازا و بەهێز بن. |
هەرچییەک دەکەن لە خۆشەویستییەوە بیکەن. |
ئێوە دەزانن ماڵی ستیفاناس لە ئەخایا پێشەبەرە بوون و خۆیان بۆ خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خودا تەرخان کردبوو. خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، |
کە ئێوەش ملکەچی وەک ئەوانە بن، هەموو ئەوانەی لەگەڵیان ئیش دەکەن و ماندوو دەبن. |
بە هاتنی ستیفاناس و فەرتوناتۆس و ئەخایکۆس دڵشاد بووم، چونکە شوێنی ئێوەیان گرتەوە. |
هەروەها چونکە ئەوان ڕۆحی من و ئێوەیان گەشاندەوە. بۆیە ئەو جۆرە کەسانە بناسن. |
کڵێساکانی ئاسیا سڵاوتان لێدەکەن. ئەکیلا و پریسکیلا، لەگەڵ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیانن بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە بە گەرمی سڵاوتان لێدەکەن. |
هەموو خوشک و برایان سڵاوتان لێدەکەن. بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن. |
من پۆڵسم، ئەم سڵاوە بە دەستی خۆم دەنووسم. |
بەڵێ ئەو کەسەی عیسای خاوەن شکۆی خۆشناوێت با نەفرەتی لێ بێت! ئەی پەروەردگار، وەرە! |
نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆتان لەگەڵ بێت. |
خۆشەویستیی من لەگەڵ هەمووتان بێت کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن. ئامین. |