یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دابەزە بۆ کۆشکی پاشای یەهودا و لەوێ ئەو پەیامە ڕابگەیەنە، |
بڵێ:”ئەی پاشای یەهودا، ئەوەی لەسەر تەختی داود دانیشتووی، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە؛ تۆ و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە. |
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:’ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. تاڵانکراو لە دەستی زۆردار دەرباز بکەن. نامۆ و هەتیو و بێوەژن مەچەوسێننەوە، ستەم مەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان مەڕێژن.‘ |
ئەگەر بە گرنگییەوە ئەم فەرمانە پەیڕەو بکەن، ئەوا ئەو پاشایانەی لەسەر تەختی داود دانیشتوون لە دەروازەکانی ئەم کۆشکەوە دێنە ژوورەوە، بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە لەگەڵ خزمەتکاران و گەلەکەی. |
بەڵام ئەگەر گوێ لەم فەرمانە نەگرن، سوێند بە گیانی خۆم دەخۆم، کە ئەم کۆشکە وێران دەبێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
یەزدان سەبارەت بە کۆشکی پاشای یەهودا ئەمەش دەفەرموێت: «هەرچەندە تۆ بۆ من وەک گلعادی، وەک لووتکەی لوبنانی، بەڵام وەک چۆڵەوانیت لێ دەکەم، وەک شاری بێ دانیشتووان. |
تێکدەرانت بۆ تەرخان دەکەم، هەریەکە و بە ئامێرەکەیەوە، جا باشترین داری ئورزت دەبڕنەوە و فڕێیدەدەنە ناو ئاگرەوە. |
«خەڵکی زۆر نەتەوە بە کەناری ئەم شارەدا تێدەپەڕن و لە یەکتری دەپرسن:”لەسەر چی یەزدان وای لەم شارە گەورەیە کرد؟“ |
جا دەڵێن:”لەسەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و خوداوەندەکانی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن.“» |
بۆ پاشا مردووەکە مەگریێن و شینی بۆ مەگێڕن، بەڵکو بەکوڵ بگریێن بۆ ئەوەی بە دیل دەبردرێت، چونکە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو خاکە ببینێت کە لێی لەدایک بووە. |
سەبارەت بە شەلومی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەوەی لە جێی باوکی بوو بە پاشا، ئەوەی لەم شوێنە ڕۆیشت، یەزدان دەفەرموێت: «جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە ئێرە، |
بەڵکو لەو شوێنەی ڕاپێچیان کردووە بۆی هەر لەوێ دەمرێت، جارێکی دیکە ئەم خاکە نابینێتەوە.» |
«قوڕبەسەر ئەوەی کۆشکەکەی بە ناڕەوایی بنیاد دەنێت و ژوورەکانی سەرەوەشی بە ستەمکاری، ئەوەی بەبێ کرێ کار بە هاوڵاتییان دەکات، هەقی ماندووبوونەکەیان ناداتێ. |
دەڵێت:”کۆشکێکی فراوان بۆ خۆم بنیاد دەنێم، ژوورەکانی سەرەوەی پانوبەرین.“پەنجەرەی گەورەی بۆ دەکاتەوە، دیوارەکانی بە تەختەی دار ئورز دادەپۆشێت، بە ڕەنگی سوور بۆیاخی دەکات. |
«ئایا ئەوە دەتکاتە پاشا، کە دار ئورزی زۆرت هەبێت؟ ئایا باوکت نەیخوارد و نەیخواردەوە؟ ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو کرد، جا سەرکەوتوو بوو. |
بە تەواوی پاڵپشتی لە مافی هەژار و نەدار کرد، جا سەرکەوتوو بوو. ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە من دەناسێت؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
«بەڵام چاو و دڵی تۆ تەنها لەسەر دەستکەوتی ناڕەوایە، لەسەر ڕشتنی خوێنی بێتاوانە، لەسەر ستەم و دەستدرێژییە.» |
لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت: «بۆی نالاوێننەوە،”براڕۆ! خوشکەڕۆ!“بۆی نالاوێننەوە،”گەورەڕۆ! شکۆی ڕۆ!“ |
بەڵکو وەک گوێدرێژ دەنێژرێت، ڕادەکێشرێت و فڕێدەدرێت دوور لە دەروازەکانی ئۆرشەلیم.» |
«ئەی ئۆرشەلیم، بڕۆ سەر لوبنان و هاوار بکە، با لە باشان دەنگت ببیسترێت، لە عەڤاریمەوە هاوار بکە، چونکە هەموو هاوپەیمانەکانت وردوخاش کران. |
لە ئاسوودەییت ئاگادارم کردیتەوە، بەڵام گوتت:”گوێ ناگرم.“لە گەنجییەوە لەمە لێڕاهاتوویت، کە گوێڕایەڵی من نابیت. |
هەموو شوانەکانت با بەڕێوەیان دەبات و هاوپەیمانەکانت ڕاپێچ دەکرێن، ئەوسا ڕیسوا و شەرمەزار دەبیت لەبەر هەموو خراپەکانت. |
ئەی نیشتەجێی”لوبنان“، ئەی ئەوەی لەناو دار ئورزەکان هێلانەت کردووە، چەند دەناڵێنیت کە ژان دەتگرێت، وەک ژنێک کە منداڵی دەبێت!» |
یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، ئەی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، تەنانەت ئەگەر ئەنگوستیلەیەک بیت لە دەستی ڕاستم، لە پەنجەی خۆمت دەکەمەوە و |
دەتدەمە دەستی ئەوانەی دەیانەوێ لەناوت ببەن، دەستی ئەوانەی تۆ لێیان دەترسیت، نەبوخودنەسری پاشای بابل و بابلییەکان. |
خۆت و دایکت، ئەوەی تۆی بووە فڕێتاندەدەمە سەر خاکێکی دیکە، کە لەوێ لەدایک نەبوونە، جا لەوێ دەمرن. |
هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو خاکەی بۆی پەرۆشن.» |
ئایا ئەم پیاوە، یەهۆیاکین، قاپێکی ڕیسوا و شکاوە؟ ئایا شتێکە کەس نایەوێت؟ بۆچی خۆی و نەوەکانی فڕێدران، تێهەڵدرانە خاکێک کە نایناسن؟ |
ئەی خاک! ئەی خاک! ئەی خاک! گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە! |
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەم پیاوە بە وەجاخکوێر بنووسن، پیاوێک کە لە ماوەی ژیانی خۆی سەرکەوتوو نابێت، کەس لە نەوەی ئەو سەرکەوتوو نابێت، کەسیان لەسەر تەختی داود دانانیشن و جارێکی دیکە فەرمانڕەوایەتی یەهودا ناکەن.» |