داود ڕاوێژی لەگەڵ هەموو ئەفسەرەکانی کرد، فەرماندەی هەزاران و سەدان، |
ئینجا بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر پێتان باشە و بەپێی خواستی یەزدانی پەروەردگارمانە، با بەدوای هەموو هاونیشتیمانەکانماندا بنێرین لە هەموو لایەکی خاکی ئیسرائیل، هەروەها لەدوای ئەو کاهین و لێڤییانەی کە لە شارۆچکەکان و دەشتەکان لەگەڵیان دەژین، هەتا لەگەڵمان کۆببنەوە. |
با سندوقی خودامان بهێنینەوە لای خۆمان، چونکە بە درێژایی پاشایەتی شاول لێمان نەپرسیوەتەوە.» |
هەموو کۆمەڵەکەش گوتیان ئاوا دەکەین، چونکە لەلای هەموو گەل پەسەند بوو. |
ئیتر داود هەموو ئیسرائیلی لە ڕووباری شیحۆری میسرەوە هەتا دەروازەی حەمات کۆکردەوە، هەتا سندوقی خودا لە قیریەت یەعاریمەوە بهێنن. |
ئینجا داود و هەموو ئیسرائیل چوونە بەعلەی یەهودا کە قیریەت یەعاریمە، بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودای پەروەردگار بهێننەوە، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە». |
لە ماڵی ئەبینادابەوە سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانەکەیان لێدەخوڕی. |
داود و هەموو ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم خودا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و سەنج و کەڕەناوە. |
کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی کیدۆن، عوزا دەستی بۆ سندوقەکە درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا. |
ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و لێیدا، لەبەر ئەوەی دەستی بۆ سندوقەکە درێژکرد و هەر لەوێدا لەبەردەم خودا مرد. |
داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا ناودەبردرێت. |
ئەو ڕۆژە داود لە خودا ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی خودا بۆ لای خۆم بهێنم؟» |
لەبەر ئەوە داود سندوقەکەی نەگواستەوە بۆ لای خۆی بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی. |
سێ مانگ سندوقی خودا لە ماڵی عوبێد ئەدۆم مایەوە، یەزدانیش ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەموو ئەو شتانەی کە هی ئەو بوون بەرەکەتداری کردن. |