ئەی کچە میر، پێیەکانت لەناو پێڵاو چەندە جوانن! کەوانی ڕانت وەک خشڵە دەستکردی دەستی وەستای کارامەیە. |
ناوکت جامێکی خڕە شەرابی تێکەڵاوی لێ کەم ناکات، ناوقەدت خەرمانی گەنمە بە سەوسەن پەرژین کراوە. |
جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن، وەک جووتێک مامزن. |
گەردنت قوللەیەکی عاجە. چاوەکانت وەک گۆمن لە حەشبۆن لەبەردەم دەروازەی بەت ڕەبیم. لووتت وەک قوللەی لوبنانە ڕووەو دیمەشق دەڕوانێت. |
سەرت وەک کێوی کارمەلە بەسەرتەوە و پرچی سەرت ئەرخەوانییە، پاشا بەندی ئەگریجەکانە. |
چەند جوان و چەند شیرینیت، ئەی ئەویندارەکەم، من بە تۆ دڵشادم! |
ئەم بەژنەت لە دار خورما دەچێت، مەمکەکانت لە هێشوو. |
گوتم: «بەسەر دار خورما دەکەوم، خۆم بە بەرهەمەکەی دەگرم.» با مەمکەکانت وەک هێشووە ترێ بن، بۆنی هەناسەت وەک سێو بێت، |
دەمت وەک باشترین جۆری شەراب بێت. ئەویندار با شەرابەکە بە ئاسانی بۆ دڵدارەکەم بڕژێت، بە نەرمی بەسەر لێو و دداندا بڕوات. |
من بۆ دڵدارەکەمم و ئەو پەرۆشی منە. |
دڵدارەکەم، وەرە با بچینە کێڵگە، لە گوندەکان شەو بەسەرببەین. |
با بەیانی زوو بگەینە سەر ڕەزەمێوەکان، ببینین ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە، پەسیرەکان کراونەتەوە، هەناریش پشکوتووە؟ لەوێ ئەوینەکەمت پێ دەبەخشم. |
گیائادەمە بۆن بڵاو دەکاتەوە، لە بەردەرگاکەشمان هەموو میوەیەکی بەتام هەیە، کۆن و نوێ کە بۆ تۆم هەڵگرتووە، ئەی دڵدارەکەم. |