لەدەم ڕووبارەکانی بابل، لەوێ دانیشتین، هەروەها گریاین کە سییۆنمان بیر کەوتەوە. |
بە شۆڕەبییەکانی ناوەڕاستی قیسارەکانی خۆمان هەڵواسی، |
چونکە لەوێ ڕاپێچکەرانمان داوای گۆرانییان لێکردین، چەوسێنەرانمان داوایان کرد دڵخۆشیان بکەین: «گۆرانییەکمان بۆ بڵێن لە گۆرانییەکانی سییۆن.» |
چۆن گۆرانی یەزدان بڵێین لە خاکێکی بێگانە؟ |
ئەی ئۆرشەلیم، ئەگەر لەبیرت بکەم، با دەستی ڕاستم بەهرەکەی لەبیر بکات. |
با زمانم بە مەڵاشوومەوە بنووسێت، ئەگەر یادت نەکەم، ئەگەر ئۆرشەلیم لە سەرووی هەموو خۆشییەکم دانەنێم. |
ئەی یەزدان، ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم کەوت نەوەی ئەدۆمت لەبیر بێت، کاتێک گوتیان: «تەختی بکەن، هەتا بناغە تەختی بکەن!» |
ئەی دانیشتووانی بابل کە چارەنووستان لەناوچوونە، دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی تۆڵەتان لێ دەستێنێتەوە، وەک ئەو خراپەی هی ئێمەتان دایەوە! |
دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی منداڵەکانتان دەگرێت و بە تاشەبەردیاندا دەدات! |