ئەمانەش هەر پەندی سلێمانن کە پیاوەکانی حەزقیای پاشای یەهودا نووسیویانەتەوە: |
شکۆمەندیی خودا لە شاردنەوەی بابەتدایە، شکۆمەندیی پاشایانیش لە لێکۆڵینەوەی بابەتدایە. |
هەروەک ئاسمان بۆ بەرزییە و زەوی بۆ قووڵییە، دڵی پاشایانیش ناپشکنرێت. |
خڵت لە زیو داماڵە، ئەو کاتە دەتوانرێت کەرەستەی لێ دروستبکرێت. |
بەدکار لەبەردەم پاشا داماڵە، بە ڕاستودروستی تەختەکەی دەچەسپێت. |
لەبەردەم پاشا خۆت بەرز مەکەرەوە، لە شوێنی گەورە پیاوان ڕامەوەستە. |
وا چاکترە پێت بگوترێت: «سەربکەوە بۆ ئێرە،» نەک لەلای میر تەریق بیتەوە. ئەوەی بە چاوی خۆت بینیت، |
خێرا مەیبە بۆ دادگا، چونکە لە کۆتاییەکەی چی دەکەیت ئەگەر دراوسێکەت شەرمەزاری کردیت؟ |
کە باسی کێشەکەت دەکەیت لەگەڵ دراوسێکەت، نهێنی خەڵکی دیکە مەدرکێنە، |
نەوەک گوێگرێک شەرمەزارت بکات، جا ناوە زڕاوەکەت لێ نابێتەوە. |
سێوێکی زێڕە و لە زیو گیراوە، ئەو قسەیەی لە کاتی خۆیدا دەکرێت. |
وەک گوارەی زێڕە و خشڵی زێڕی بێگەردە، سەرزەنشتی دانا بۆ گوێی بیسەر. |
وەک ساردی بەفرە لە ڕۆژی دروێنەدا، نوێنەری دەستپاک بۆ ئەوانەی دەینێرن، دڵی گەورەکانی فێنک دەکاتەوە. |
هەور و بای بێ بارانە، ئەوەی شانازی بە دیاری بکات و نەیبەخشێت. |
بە نەسرەوتن فەرمانڕەوا قایل دەکرێت، زمانی نەرمیش ئێسک دەشکێنێت. |
ئەگەر هەنگوینت دۆزییەوە بەگوێرەی پێویست بیخۆ، ئەگینا پڕ دەبیت و دەیڕشێنیتەوە. |
بە کەمی پێت لە ماڵی دراوسێکەت دابنێ، ئەگینا لێت تێر دەبێت و ڕقی لێت دەبێتەوە. |
وەک کوتەک و شمشێر و تیری تیژە، ئەوەی شایەتی درۆ لەسەر دراوسێکەی بدات. |
وەک ددانی کلۆر و قاچی لەجێ چووە، پشتبەستن بە ناپاک لە ڕۆژی تەنگانەدا. |
وەک داکەندنی بەرگ لە ڕۆژی سەرمادا، یان سرکەیە بەسەر سۆدەدا، چڕینی گۆرانی بۆ دڵتەنگ. |
ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی دەرخوارد بدە، ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ. |
بەمە پشکۆ لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت، یەزدانیش پاداشتت دەداتەوە. |
بای باکوور باران دەهێنێت، زمانی پاشملەش ڕووی گرژ. |
باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت، نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی. |
وەک ئاوی ساردە بۆ گیانێکی شەکەت، هەواڵی خۆش لە وڵاتێکی دوور. |
وەک کانییەکی لێڵ و بیرێکی بۆگەنە، ئەو کەسە ڕاستودروستەی لەبەردەم بەدکار کۆڵ دەدات. |
زۆر خواردنی هەنگوین باش نییە، ڕێزدار نابێت ئەوەی داوای ڕێزلێنان بۆ خۆی دەکات. |
وەک شارێکی ڕووخاوی بێ شوورایە، ئەو پیاوەی بەسەر خۆیدا زاڵ نەبێت. |