ئەی یەزدان، بەبیرت بێتەوە چیمان بەسەرهات، تەماشا بکە و ڕیسواییەکەمان ببینە. |
میراتەکەمان بۆ نامۆکان بوو، ماڵمان بۆ بێگانە. |
هەتیو و بێ باوک بووین، دایکانمان وەک بێوەژنن. |
دەبێ ئەو ئاوە بکڕین کە دەیخۆینەوە دارەکانمان بە نرخ بۆمان دێت. |
ئەوانەی ڕاومان دەنێن زۆر نزیک بوونەوە، ماندوو دەبین و حەوانەوەمان نییە. |
دەستمان لە میسری و ئاشورییەکان پانکردەوە بۆ بەدەستهێنانی نانی پێویست. |
باوکانمان گوناهیان کرد، نەمان، ئێمەش سزاکەیان وەردەگرین. |
کۆیلەکان فەرمانڕەوایەتیمان دەکەن، کەس نییە لە دەستیان ڕزگارمان بکات. |
بەهۆی شمشێر لە چۆڵەوانی ژیانمان لە مەترسیدایە هەتا بژێوی پەیدا دەکەین. |
پێستمان وەک تەنوور سووتاوە، لەبەر برسیێتی برژاوین. |
لە سییۆن دەستدرێژییان کردە سەر ژنان، پاکیزەکانیش لە شارۆچکەکانی یەهودا. |
میران بە دەستیانەوە هەڵدەواسرێن، ڕێز لە پیران ناگیرێت. |
لاوانیان دەهاڕدرێن، منداڵان لەژێر بارەداردا بەلادادێن. |
پیران دەستیان لە دەروازە هەڵدەگرن، لاوانیش وازیان لە گۆرانی هێنا. |
خۆشی دڵمان نەما، شاییمان بوو بە شیوەن. |
تاجی سەرمان کەوت. قوڕبەسەرمان، چونکە گوناهمان کرد! |
لەبەر ئەم شتانە دڵمان داهێزرا، لەبەر ئەم ڕووداوانە بەرچاومان تاریک بوو، |
لەبەر کێوی سییۆن، وێران بوو، چەقەڵ هاتوچۆی تێدا دەکەن. |
ئەی یەزدان، تۆ بۆ هەتاهەتایە حوکم دەکەیت، تەختی تۆ نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت. |
بۆچی بەردەوام لەبیرمان دەکەیت؟ بۆچی کاتێکی درێژ بەجێمان دەهێڵیت؟ |
ئەی یەزدان، بمانگەڕێنەوە بۆ لای خۆت، هەتا بگەڕێینەوە، وەک جاران ڕۆژانمان نوێ بکەرەوە، |
یان تۆ زۆر لێمان تووڕە بوویت و بە تەواوی ئێمەت ڕەتکردووەتەوە؟ |