ئەیوبیش وەڵامی دایەوە: |
«ڕاستە ئێوە گەلێکن، بە مردنتان داناییش دەمرێت، |
بەڵام منیش وەک ئێوە تێگەیشتنم هەیە، من لە ئێوە کەمتر نیم. ئایا ئەوەی تۆ دەیڵێیت لای هەموو کەسێک نەزانراوە؟ |
«لە خودا پاڕامەوە و ئەویش وەڵامی دایەوە، بەڵام بووم بە گاڵتەجاڕی هاوڕێیەکانم، هەرچەندە پیاوێکی ڕاستودروست و بێ کەموکوڕیم، بوومە مایەی گاڵتەجاڕی! |
کەسێکی دڵنیا گاڵتە بە شکستی پێ هەڵخلیسکاو دەکات. |
چادری تێکدەران ئارامە و ئاسوودەییش بۆ ئەوانەی خودا تووڕە دەکەن، بۆ ئەوانەی بە دەستی خۆیان بتەکانیان دەهێنن. |
«بەڵام پرسیار لە ئاژەڵان بکە، ئەوان فێرت دەکەن، هەروەها پرسیار لە باڵندەی ئاسمانیش بکە، ئەوان پێت ڕادەگەیەنن؛ |
یان لەگەڵ زەوی بدوێ، فێرت دەکات، ماسی دەریاش بۆت باس دەکەن. |
کام لەمانە نازانێت کە دەستی خودا ئەمەی ئەنجام داوە؟ |
ئەوەی ژیانی هەموو زیندووێک و ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی لەناو دەستدایە؟ |
ئایا گوێ قسەکان تاقی ناکاتەوە و مەڵاشوو تامی خواردن ناکات؟ |
لە ڕیش سپیێتی دانایی و لە تەمەن درێژیش تێگەیشتن. |
«دانایی و تواناداری لەلای خوداوەیە، ڕاوێژ و تێگەیشتن هی ئەون. |
ئەوەی دەڕووخێنێت بنیاد نانرێتەوە، ئەگەر دەرگای لەسەر کەسێک داخست لێی ناکرێتەوە. |
ڕێ لە ئاو دەگرێت، وشکەساڵی دێت، بەڕەڵای دەکات زەوی سەرەوژێر دەکات. |
هێز و دانایی لەلای ئەوە، چەواشەکار و چەواشەکراو هی ئەون. |
ڕاوێژکاران بە پێ خاوسی دەبات، دادوەران تووشی شێتی دەکات. |
کۆتی پاشاکان دەکاتەوە و ناوقەدیان بە پشتێن دەبەستێتەوە. |
کاهینەکان بە پێ خاوسی دەبات و پتەوەکان سەرەوژێر دەکات. |
ڕێگری گفتوگۆ لە شارەزایان دەکات، ژیری لە پیران دەستێنێتەوە. |
سووکایەتی بەسەر پایەداراندا دەبارێنێت و پشتێنی بەهێزان شل دەکاتەوە. |
قووڵاییەکان لە تاریکی ئاشکرا دەکات و سێبەری مەرگ بۆ ڕووناکی دەردەخات. |
نەتەوەکان مەزن دەکات و لەناویان دەبات، نەتەوەکان بەرفراوان دەکات و پەرتەوازەیان دەکات. |
مێشک لە سەرکردەکانی گەلی زەوی دەستێنێتەوە و لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا وێڵیان دەکات. |
لە تاریکیدا بە پەلەکوتێ دەڕۆن و ڕووناکی نییە، وەک سەرخۆش بە ئەملا و ئەولادا دەکەون. |