بەڵام ئەوانەی لەژێر گوشار بوون لە تاریکی تەنگانەدا نامێنن، وەک سەردەمی پێشوو خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی زەلیل کردەوە، سەردەمی کۆتایی ڕێز لە جەلیلی ناجولەکەکان دەگرێت، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون. |
ئەو گەلەی لە تاریکیدا دەڕۆیشت، ڕووناکییەکی گەورەی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات. |
ئەو نەتەوەیەت زۆر کرد و خۆشییەکی گەورەت پێی بەخشی، لەبەردەمت دڵخۆش بوو وەک خۆشی کاتی دروێنە، وەک ئەوانەی شاد دەبن بە دابەشکردنی دەستکەوت. |
لەبەر ئەوەی نیری بارگرانی ئەو و داری پشتی ئەو و کوتەکی بێگاری پێکردنی ئەوت وەک ڕۆژی میدیان شکاند. |
هەموو پۆستاڵی جەنگاوەران لە گەرمەی شەڕدا و بەرگی لەناو خوێن گەوزاو بۆ سووتان دەبێت، سووتەمەنییە بۆ ئاگر، |
چونکە کوڕێکمان دەبێت، کوڕێکمان پێدەدرێت و سەرکردایەتی دەکەوێتە سەرشانی. ناوی لێ دەنرێت سەرسوڕهێنەر و ڕاوێژکار، خودای بە توانا، باوکی هەتاهەتایی، میری ئاشتی. |
گەشەسەندنی سەرۆکایەتی و ئاشتییەکەی بێ کۆتایی دەبێت. لەسەر تەختی داود و بەسەر شانشینەکەی پاشایەتی دەکات بۆ چەسپاندنی و بەهێزکردنی، بە دادپەروەری و بە ڕاستودروستی لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات. |
پەروەردگار وشەیەکی لە دژی یاقوب نارد و بەسەر ئیسرائیلدا کەوت. |
گەل هەموو دەزانن، ئەفرایم و دانیشتووانی سامیرە، بە لووتبەرزی و فیزی دڵەوە دەڵێن: |
«خشت ڕووخا، بەڵام بە بەردی تاشراو بنیاد دەنێینەوە، هەنجیرە کێوی بڕایەوە، بەڵام داری ئورز لە شوێنی دادەنێین.» |
یەزدان دوژمنانی ڕەچینی پاشای لێ هەڵدەستێنێت، ناحەزانی جۆش دەدات. |
ئارامییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و فەلەستییەکان لە ڕۆژئاواوە پڕ بە دەم ئیسرائیل هەڵدەلووشن. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە. |
گەل هێشتا نەگەڕایەوە لای لێدەرەکەی، ڕوویان لە یەزدانی سوپاسالار نەکرد. |
یەزدان لە ئیسرائیل سەر و کلک دەبڕێت، دار خورما و قامیش لە یەک ڕۆژدا، |
پیر و پیاوماقوڵ سەرەکەن، ئەو پێغەمبەرانەی کە فێرکردنی درۆیین فێر دەکەن کلکەکەن. |
ڕابەرانی ئەم گەلە بوون بە چەواشەکار، ئەوانەی ڕابەرایەتی دەکرێن سەریان لێ شێواوە. |
لەبەر ئەوە پەروەردگار دڵخۆش نابێت بە گەنجەکانیان، بەزەیی نایەتەوە بە هەتیو و بێوەژنەکانیان، چونکە هەموو خوانەناس و خراپەکارن، هەموو دەمەکان بە گێلی دەدوێن. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە. |
بێگومان بەدکاری وەک ئاگر دەسووتێت، دڕکوداڵ دەخوات، گڕ لە دەوەنی دارستان بەردەدات، ستوونی دووکەڵ لوول دەخوات. |
بە جۆشی تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار خاکەکە دەسووتێت، گەلیش دەبێت بە سووتەمەنی ئاگر، پیاو دڵی بە برای خۆی ناسووتێ. |
لای ڕاست لێ دەکاتەوە و هەر برسییە، لای چەپ دەخوات و تێر نابێت. پیاو گۆشتی قۆڵی خۆی دەخوات: |
مەنەشە ئەفرایم دەخوات و ئەفرایمیش مەنەشە، هەردووکیان پێکەوە لە دژی یەهودا هەڵدەگەڕێنەوە. لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە، هێشتا دەستی درێژکردووە. |