یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم. |
«جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن، بەرەکەتدارت دەکەم، ناوت مەزن دەکەم، دەبیتە بەرەکەت. |
ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم، نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم. هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.» |
ئیتر ئەبرام ڕۆیشت، هەروەک یەزدان پێی فەرموو، لوتیش لەگەڵی چوو. ئەبرام لە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵیدا بوو کە حەڕانی بەجێهێشت. |
ئەبرام سارایی ژنی و لوتی برازای و هەموو ئەو دەستکەوتانەی دەستیان کەوتبوو، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە حەڕان بەدەستیان هێنابوو، لەگەڵ خۆیدا بردنی و بەرەو خاکی کەنعان چوون و گەیشتنە ئەوێ. |
ئەبرام بە خاکەکەدا تێپەڕی هەتا گەیشتە دار بەڕووەکەی مۆرە لە شەخەم. لەو کاتەدا کەنعانییەکان لە خاکەکەدا بوون. |
یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ.» ئەویش لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد کە بۆی دەرکەوتبوو. |
لەوێشەوە گواستییەوە بۆ چیاکەی ڕۆژهەڵاتی بێتئێل و چادرەکەی خۆی هەڵدا. بێتئێل کەوتبووە ڕۆژئاوایەوە و عای لە ڕۆژهەڵاتییەوە بوو. لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. |
پاشان ئەبرام ڕووەو نەقەب بەردەوام بوو لە کۆچکردن. |
لەو کاتەدا قاتوقڕی لە خاکەکەدا هەبوو، جا ئەبرام چوو بۆ میسر، تاکو بۆ ماوەیەک لەوێ بژیێت، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر بوو. |
کاتێکیش نزیک بوو بچێتە ناو میسر، بە سارایی ژنی گوت: «بەڕاستی من دەزانم کە تۆ ژنێکی ڕوخسار جوانیت. |
کاتێک میسرییەکان دەتبینن، دەڵێن:”ئەمە ژنەکەیەتی.“ئەو کاتە من دەکوژن بەڵام تۆ دەهێڵنەوە. |
بڵێ کە تۆ خوشکی منیت، بۆ ئەوەی بەهۆی تۆوە بە چاکی ڕەفتارم لەگەڵ بکەن، لەبەر تۆش گیانم بە زیندوویی دەمێنێتەوە.» |
کاتێک ئەبرام هاتە میسر، میسرییەکان بینییان کە سارای زۆر جوانە. |
کە کاربەدەستانی فیرعەون بینییان، لەلای فیرعەون ستایشیان کرد، ئیتر ژنەکەیان بردە ماڵی فیرعەون. |
ئەویش بەهۆی ژنەکە بە باشی ڕەفتاری لەگەڵ ئەبرام کرد. ئیتر بووە خاوەنی مەڕ و مانگا و نێرەکەر و ماکەر و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر. |
بەڵام یەزدان بەهۆی سارایی ژنی ئەبرامەوە فیرعەون و ماڵەکەی تووشی دەردی گران کرد. |
ئیتر فیرعەون بەدوای ئەبرامدا ناردی و گوتی: «ئەمە چییە تۆ بە منت کرد؟ بۆچی پێت ڕانەگەیاندم کە ئەو ژنی تۆیە؟ |
بۆچی گوتت”ئەو خوشکمە،“تاکو بیبەم بۆ ئەوەی ببێتە ژنم؟ ئێستاش ئەوەتا ژنەکەت. بیبە و بڕۆ!» |
ئینجا فیرعەون هەندێک پیاوی ڕاسپارد بۆ بەڕێکردنی ئەبرام و ژنەکەی و هەرچییەکی هەیانبوو. |