پیاوێک لە بنەماڵەی لێڤی کچێکی لێڤی هێنا. |
ژنەکە سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، کە بینی منداڵەکە جوانە، سێ مانگ شاردییەوە. |
بەڵام کاتێک نەیتوانی لەوە زیاتر بیشارێتەوە، سەبەتەیەکی لە زەل دروستکراوی هێنا و بە قیر و زفت سواخی دا و کوڕەکەی لەناو دانا، ئینجا لە کەناری نیل لەناو قامیشەڵان داینا. |
خوشکی منداڵەکەش لە دوورەوە وەستا بۆ ئەوەی بزانێت چی لێدێت. |
کچی فیرعەونیش کە بۆ خۆشوشتن هاتە خوارەوە بۆ سەر ڕووباری نیل و کەنیزەکانیشی لەسەر کەناری نیل هاتوچۆیان دەکرد، سەبەتەکەی لەناو قامیشەڵانەکە بینی و کچە خزمەتکارەکەی نارد تاکو بیهێنێت. |
ئەویش کردییەوە و تەماشای منداڵەکەی کرد، بینی کوڕێکە و دەگریێ، بەزەیی پێدا هاتەوە و گوتی: «ئەمە یەکێکە لە منداڵی عیبرانییەکان.» |
خوشکی منداڵەکەش لە کچی فیرعەونی پرسی: «ئایا بچم ژنێکی شیردەری عیبرانیت بۆ بانگ بکەم بۆ ئەوەی شیر بە منداڵەکە بدات؟» |
کچی فیرعەونیش وەڵامی دایەوە: «بڕۆ.» کچە عازەبەکەش چوو دایکی منداڵەکەی بانگکرد. |
کچی فیرعەونیش پێی گوت: «ئەم منداڵە ببە و شیری بدە بۆم، منیش کرێیەکەت دەدەمێ.» ژنەش منداڵەکەی برد و شیری دایێ. |
کاتێک منداڵەکە گەورە بوو، بۆ کچی فیرعەونی هێنایەوە، ئیتر بوو بە کوڕی ئەو و ناوی لێنا «موسا» و گوتی: «لەبەر ئەوەی لەناو ئاو هەڵمگرتووەتەوە.» |
کاتێک موسا گەورە بوو، ڕۆژێکیان چووە دەرەوە بۆ لای براکانی و سەیری بارگرانییەکانی کرد و بینی پیاوێکی میسری لە پیاوێکی عیبرانیی برای دەدات. |
ئەویش تەماشای ئەم لا و ئەو لای کرد و بینی کەسی لێ نییە، ئیتر میسرییەکەی کوشت و لەناو لم شاردییەوە. |
بۆ ڕۆژی دووەم چووە دەرەوە و بینی دوو پیاوی عیبرانی شەڕ دەکەن. لە خەتابارەکەی پرسی: «بۆچی لە هاوەڵەکەت دەدەیت؟» |
ئەویش گوتی: «کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک میسرییەکەت کوشت؟» جا موسا ترسا و گوتی: «بێگومان ئەم کارە زانراوە!» |
کاتێک فیرعەون گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا موسا بکوژێت، بەڵام موسا لە دەست فیرعەون هەڵات و لە خاکی میدیان جێگیر بوو، لەلای بیرێک دانیشت. |
کاهینی میدیانیش حەوت کچی هەبوو، هاتن و ئاویان هەڵکێشا، ئاخوڕەکانیان پڕکرد بۆ ئاودانی مەڕەکانی باوکیان. |
لەو کاتەدا شوان هاتن و دەریانکردن، بەڵام موسا هەستا و فریایان کەوت و مەڕەکانی ئاودان. |
کچەکانیش هاتنە لای ڕەعوئێلی باوکیان، ئەویش لێی پرسین: «بۆچی ئەمڕۆ زوو هاتنەوە؟» |
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێکی میسری فریامان کەوت لە دەست شوانەکان، هەروەها ئاوی بۆ کێشاین و مەڕەکانیشی ئاو دا.» |
ئەویش بە کچەکانی گوت: «ئەی لەکوێیە؟ بۆ پیاوەکەتان بەجێهێشت؟ بانگهێشتی بکەن با نان بخوات.» |
موسا ڕازی بوو لەگەڵ ئەو پیاوە بمێنێتەوە. ئەویش چیپۆرەی کچی دایە موسا. |
چیپۆرەش کوڕێکی بوو، موساش ناوی لێنا گێرشۆم، چونکە گوتی: «نامۆ بووم لە خاکی بێگانە.» |
ئەوە بوو لەو ماوە درێژە، پاشای میسر مرد. نەوەی ئیسرائیلیش ئاهیان هەڵکێشا لە دەست کۆیلایەتی و هاواریان کرد بۆ یارمەتی، گریانەکەیان بەهۆی کۆیلایەتییەوە بۆ خودا بەرزبووەوە. |
خوداش گوێی لە ناڵەیان بوو و پەیمانەکەی خۆی لەیاد بوو لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب. |
ئیتر خودا ڕوانییە نەوەی ئیسرائیل و بایەخی پێدان. |