دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە، حەوت کۆڵەکەکەی داتاشیوە. |
سەربڕدراوەکەی سەربڕیوە و شەرابەکەی تێکەڵ کردووە، هەروەها خوانەکەی ئامادە کردووە. |
کەنیزەکانی خۆی ناردووە و بانگ دەکات، لەسەر بەرزاییەکانی شار: |
«کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!» بە تێنەگەیشتووش دەڵێت: |
«وەرن، لە نانی من بخۆن و لەو شەرابەی تێکەڵم کردووە بخۆنەوە. |
واز لە ساویلکەیی بهێنن و بژین، بە ڕێگای تێگەیشتندا بڕۆن.» |
ئەوەی گاڵتەجاڕ تەمبێ بکات شەرمەزاری دەست دەکەوێت، ئەوەی بەدکار سەرزەنشت بکات خۆی لەکەدار دەکات. |
سەرزەنشتی گاڵتەجاڕ مەکە، نەوەک ڕقی لێت بێتەوە؛ سەرزەنشتی دانا بکە، تۆی خۆشدەوێت. |
ڕێنمایی دانا بکە، داناتر دەبێت، کەسێکی ڕاستودروست فێر بکە، زاناتر دەبێت. |
لەخواترسی سەرەتای داناییە، ناسینی خودای پیرۆزیش تێگەیشتنە، |
چونکە بە دانایی ڕۆژگارت زیاد دەکات، ساڵانی ژیانت پتر دەبێت. |
ئەگەر دانا بیت، داناییەکەت پاداشتت دەداتەوە؛ ئەگەر گاڵتەجاڕ بیت، تەنها لەسەر خۆت دەکەوێت. |
گێلایەتی وەک خاتوونێکی بە بۆڵەبۆڵە، ساویلکەیە و هیچ شتێک نازانێت. |
لە بەردەرگای ماڵەکەی دادەنیشێت، لەسەر کورسییەک لە بەرزترین شوێنی شار، |
بۆ بانگکردنی ڕێبوارەکان، ئەوانەی لە ڕێچکەی خۆیان دەڕۆن: |
«کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!» بە تێنەگەیشتووش دەڵێت: |
«ئاوی دزراو شیرینە، نانی بە دزی بەتامە.» |