ڕۆڵە، ئەگەر بووی بە کەفیلی دراوسێکەت، ئەگەر لەگەڵ بێگانەیەک تەوقەت کرد، |
ئەگەر بە داوی قسەکانی دەمتەوە بوویت، بە قسەی دەمی خۆت پێوە بوویت، |
ڕۆڵە، ئەمە بکە و فریای خۆت بکەوە، چونکە ژێردەستەی دراوسێکەت بوویت، بڕۆ، خۆت نزم بکەرەوە و لە هاوڕێکەت بپاڕێوە. |
خەو مەدە چاوەکانت و پێڵووەکانت خەواڵوو نەبن. |
وەک مامز خۆت لە دەست ڕاوچی دەرباز بکە، وەک چۆلەکە لە تەڵەی ڕاوچی. |
ئەی تەمبەڵ، بڕۆ لای مێروولە، بڕوانە ڕێگاکانی و ببە بە دانا. |
بێ ئەوەی پێشەوا و کوێخا و فەرمانڕەوای هەبێت، |
بەڵام لە هاویندا نانی خۆی ئەمبار دەکات و لە کاتی دروێنەدا خۆراکی خۆی کۆدەکاتەوە. |
ئەی تەمبەڵ، هەتا کەی پاڵدەدەیتەوە؟ کەی لە خەوەکەت هەڵدەستی؟ |
کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون، کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان، |
ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت، نەبوونیشت وەک چەکدار. |
کەسی هیچوپووچ، پیاوی چەواشەکار، بە زمان خواری ڕەفتار دەکات، |
چاوی دەقوچێنێت و بەپێی ئاماژە دەکات و بە پەنجە دەریدەبڕێت، |
فێڵ لە دڵیدایە، خراپە دادەهێنێت، هەموو کاتێک ناکۆکی دەوروژێنێت. |
لەبەر ئەوە لەپڕ لێی دەقەومێت، لەناکاو دەشکێت و چارەسەری نییە. |
شەش شت هەن یەزدان ڕقی لێیانە، حەوتیش قێزەونە لەلای: |
چاوی بەفیز، زمانی درۆزن، دەستێک کە خوێنی بێتاوانی ڕشتبێت، |
دڵێک پیلانی خراپ دابهێنێت، پێیەک بە پەلە بەرەو خراپەکاری ڕابکات، |
شایەتی درۆزن درۆ بڵاو بکاتەوە و وروژێنەری ناکۆکی نێوان برایان. |
ڕۆڵە، ڕاسپاردەکانی باوکت بەجێبگەیەنە و فێرکردنەکانی دایکت پشتگوێ مەخە. |
هەمیشە بە دڵتەوە گرێیان بدە و بە گەردنی خۆتەوە هەڵیانواسە. |
لە هاتوچۆکردنتدا ڕێنماییت دەکەن، لە ڕاکشانت چاودێریت دەکەن و کە خەبەریشت بووەوە دەتدوێنن، |
چونکە ئەم ڕاسپاردانە چران و ئەم فێرکردنەش ڕووناکییە، سەرزەنشتی تەمبێکردنیش ڕێگای ژیانە، |
بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزێت، لە زمانلووسی داوێنپیس. |
لە دڵەوە ئارەزووی جوانییەکەی مەکە، با بە برژانگەکانی نەتبات، |
چونکە ژنی لەشفرۆش وا دەکات پێویستیت بە نانێک بێت، بەڵام ژنی بەمێرد گیانی گرانبەهات ڕاودەکات. |
ئایا کەس دەتوانێت ئاگر لە باوەش بگرێت و جلەکانی نەسووتێت؟ |
یان بەسەر پشکۆدا بڕوات و پێیەکانی داغ نەبێت؟ |
ئاوایە ئەوەی بچێتە لای ژنی کەسێکی دیکە، هەرکەسێک دەستی لێ بدات بێ سزا نابێت. |
سووکایەتی بە دز ناکرێت کە دزی دەکات بۆ خۆتێرکردن کاتێک کە برسییە. |
هەرچەندە کە لێی ئاشکرا بوو دەبێت حەوت قات بداتەوە، ئەگەر هەموو ماڵی خۆشی لەسەر دانابێت. |
بەڵام ئەوەی داوێنپیسی لەگەڵ ژنێک بکات تێنەگەیشتووە، هەرکەسێک وا بکات خۆی دەفەوتێنێت. |
تووشی لێدان و سەرشۆڕی دەبێت و شەرمەزارییەکەی ناسڕێتەوە، |
چونکە ئیرەیی پیاو دەوروژێنێت، لە ڕۆژی تۆڵەدا دەست ناگێڕێتەوە، |
چاوی لە هیچ قەرەبووێک نییە، بە دیاری ڕازی نابێت، ئەگەر بۆشی زیاد بکەیت. |