«پەیمانم لەگەڵ چاوەکانم بەست، ئیتر چۆن تەماشای پاکیزەیەک بکەم؟ |
بەشی ئێمە لە خودا لە سەرەوە چییە، چ میراتێکمان هەیە لە توانادارەکەی ئاسمان؟ |
ئایا کارەسات بۆ بەدکار و بەڵا بۆ خراپەکار نییە؟ |
ئایا ئەو تەماشای ڕێگای من ناکات و هەموو هەنگاوەکانم ناژمێرێت؟ |
«ئەگەر لەگەڵ درۆ ملی ڕێم گرتبێتەبەر یان پێیەکانم پەلەیان کردبێت بەرەو فێڵ، |
با خودا لە تەرازووی ڕاستودروستیدا بمکێشێت و بزانێت کە کەموکوڕیم نییە. |
ئەگەر هەنگاوەکانم لە ڕێچکە لایانداوە، ئەگەر دڵم بەدوای چاوم کەوتووە، یان ئەگەر کردەوەکانم دەستەکانی منیان گڵاو کردووە، |
ئەوا ئەوەی من چاندم با کەسانی دیکە بیخۆن، با لقەکانم ڕیشەکێش بکرێن. |
«ئەگەر دڵم بەلای ژنێکدا فریوی خواردووە، یان لە بەردەرگای دراوسێکەم بۆسەم داناوە، |
با ژنەکەم دانەوێڵەی پیاوێکی دیکە بهاڕێت و با خەڵکانی دیکە بەسەریدا بچەمێنەوە. |
لەبەر ئەوەی ئەمە بێ ناموسییە، تاوانە و پێویستە دادگایی بکرێت. |
ئاگرێکە هەتا لەناوچوون دەخوات و هەموو دروێنەکەم ڕیشەکێش دەکات. |
«ئەگەر مافی خزمەتکار و کارەکەرەکەم ڕەت کردووەتەوە کاتێک لە دژی من سکاڵایان کردووە، |
ئەو کاتە چی بکەم لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ خودا؟ ئەگەر لێکۆڵینەوەم لەگەڵ بکرێت بە چی وەڵامی بدەمەوە؟ |
ئایا دروستکەری من لە سکدا دروستکەری ئەوانیش نییە؟ ئایا شێوەکێشمان لە سکی دایک یەک نییە؟ |
«ئەگەر هەژارانم لە مرازی خۆیان قەدەغە کردبێت یان چاوی بێوەژنم فەوتاندبێت، |
یان پارووەکەی خۆم بە تەنها خواردبێت، کە هەتیو لێی نەخواردبێت، |
بەڵام لە گەنجیمەوە وەک باوک بە هەتیوی بەخێوم کردووە و لە سکی دایکمەوە ڕێنمایی بێوەژنم کردووە. |
ئەگەر فەوتاوێکم بینیبێت لەبەر نەبوونی جل یان نەدارێکی بێ بەرگ، |
کە بە کەوڵی مەڕەکەم خۆیان گەرم نەکردووەتەوە ئیتر لە دڵیانەوە داوای بەرەکەتیان بۆ نەکردووم، |
ئەگەر پەیوەندیم لەگەڵ کاربەدەستانم بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکەمە سەر هەتیو، |
با شانم لە ئەستۆم بەربێتەوە و با قۆڵم لە جومگەکەیەوە بشکێت. |
لەبەر ئەوەی کارەسات لە خوداوە بەلامەوە تۆقێنەرە و لە ترسی شکۆیەکەی نەمتوانی شتی وا بکەم. |
«ئەگەر پشتم بە زێڕی خۆم بەستووە و ئەگەر بە زێڕی بێگەردم گوت:”تۆ پاڵپشتی منی،“ |
ئەگەر دڵخۆش بووم کە سامانەکەم زۆر بوو و لەبەر ئەوەی زۆریان بەدەستهێناوە، |
ئەگەر تەماشای ڕووناکی خۆرم کردووە کاتێک درەوشاوەتەوە، یان مانگ کاتێک بە جوانییەوە دەڕوات |
تاوەکو دڵم بە نهێنی فریودراو و دەستم دەمی داپۆشی، |
ئەوا ئەمانەش تاوان دەبن و دەدرێن بە دادگا، چونکە ئەگەر شتی وام بکردایە ناپاک دەبووم بەرامبەر بە خودا لە سەرەوە. |
«ئەگەر بە بەڵای ناحەزەکەم دڵخۆش بووم یان بزەم گرت کە تووشی خراپە بوو، |
بەڵکو نەمهێشت مەڵاشووم گوناه بکات بەوەی کە بە نەفرەتەوە داوای ژیانی ئەو بکات؛ |
ئەگەر کەسانی ناو چادرەکەم هەرگیز نەیانگوتایە،”کێ یەکێک دەهێنێت لە خواردنەکەی ئەیوب تێری نەخواردبێت؟“ |
ئاوارەیەک لە دەرەوە شەوی بەسەرنەبرد، دەرگای ماڵەکەم بۆ ڕێبوار کردەوە. |
ئەگەر وەک خەڵکی دیکە یاخیبوونی خۆم داپۆشیوە، بە شاردنەوەی تاوانەکانم لە باوەشی خۆم، |
بەهۆی ئەوەی لە قسەی خەڵک ترساوم، لە سووکایەتی پێکردنی خێڵەکان تۆقیوم، لەبەر ئەوەیە کە بێدەنگم و لە ماڵەوە دانیشتووم. |
«خۆزگە یەکێک دەبوو گوێی لێم دەگرت! ئەوەتا مۆری من، با خودای هەرە بەتوانا وەڵامم پێ بداتەوە؛ ئەوەی سکاڵا لە من دەکات با سکاڵانامەکەی پێشکەش بکات. |
بێگومان لەسەر شانم هەڵمدەگرت، دەمبەست وەک تاج بەسەرمەوە. |
ژمارەی هەنگاوەکانی خۆم پێی دەگوت، پێشکەشیشم دەکرد وەک بۆ فەرمانڕەوایەک. |
«ئەگەر زەوییەکەم هاواری کردووە لە دژی من و هەموو هێڵی جووتەکانی بە فرمێسک تەڕ دەبێت، |
ئەگەر بەروبوومەکەی ئەوم بەبێ پارە خواردووە یان گیانی کرێچییەکانیم کوژاندووەتەوە، |
با لە جێی گەنم دڕک بڕووێت و لە جێی جۆ زیوان.» وشەکانی ئەیوب تەواو بوون. |