دڵنەوایی گەلەکەم بکەن، دڵنەواییان بکەن، خوداتان دەفەرموێت، |
بە دڵنەرمی لەگەڵ ئۆرشەلیم بدوێن، پێی ڕابگەیەنن کە ڕەنجکێشانەکەی تەواو بووە، کە تاوانەکەی بەخشراوە، چونکە بە دەستی یەزدان لەسەر گوناهەکانی دووقاتی وەرگرتەوە. |
کەسێک هاوار دەکات و دەڵێت: «لە چۆڵەوانی ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، لە بیابان شاڕێگا بۆ خودامان ڕێکبخەن. |
هەموو دۆڵێک هەڵدەچێت و هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت. خوار ڕاست دەبێتەوە، هەورازیش دەبێت بە دەشت، |
شکۆمەندی یەزدان دەردەکەوێت و هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەیبینن، چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.» |
دەنگێک دەڵێت: «بانگەواز بکە!» منیش گوتم: «بانگەوازی چی بکەم؟» «هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و هەموو دڵسۆزییەکەی وەک گوڵی کێوی وایە. |
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ، چونکە هەناسەی یەزدان هەڵیکردە سەری، بێگومان گەل وەکو گژوگیان. |
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ، بەڵام پەیامی خودامان بۆ هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.» |
ئەی مزگێنیدەر بۆ سییۆن، بڕۆ سەر کێوێکی بەرز، بە هێزەوە دەنگت بەرز بکەرەوە، بەرزی بکەرەوە، مەترسە. ئەی مزگێنیدەر بۆ ئۆرشەلیم، بە شارۆچکەکانی یەهودا بڵێ: «ئەوەتا خوداتان!» |
ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بە هێزەوە دێت، بە بازووی فەرمانڕەوایەتی بۆ دەکات. ئەوەتا پاداشتەکەی لەگەڵیدایە و خەڵاتەکەی لەبەردەمی. |
وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت: بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و بە باوەش هەڵیاندەگرێت، بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات. |
کێ بە چنگ ئاوی پێواوە و بە بست ئاسمان؟ کێ خۆڵی زەوی بە قزناغ پێواوە؟ کێ چیاکانی بە قەپان کێشاوە و گردەکانیش بە تەرازوو؟ |
کێ لەبیری یەزدان تێگەیشتووە یاخود وەک ڕاوێژکار فێری کردووە؟ |
یەزدان ڕاوێژی بە کێ کرد و تێیگەیاند، ڕێگای دادپەروەری فێرکرد؟ کێ زانینی فێرکرد و ڕێگای تێگەیشتنی پێ ناساند؟ |
ئەوەتا نەتەوەکان وەک دڵۆپێک ئاوی ناو سەتڵ و بە تۆزی تەرازوو دادەنرێن. ئەوەتا دوورگەکان وەک پووش هەڵدەگرێت. |
داری لوبنان بەس نییە بۆ سووتەمەنی قوربانگا و ئاژەڵەکانی بەس نین بۆ قوربانی سووتاندن. |
هەموو نەتەوەکان وەک هیچن لەبەردەمی، لەلای ئەو بە نەبوو و پووچ دادەنرێن. |
جا خودا بە چی هاوشێوە دەکەن، چ وێنەیەک بەو یەکسان دەکەن؟ |
پەیکەرێک کە وەستا دایدەڕێژێت، زێڕنگەریش بە زێڕ ڕووکەشی دەکات، زنجیری زیویش زیوگەر. |
دەستکورتیش بۆ پێشکەشکردنی پیتاک دارێکی ساغ هەڵدەبژێرێت کە نەڕزیبێت. داوای وەستایەکی شارەزا دەکات بۆ ئەوەی پەیکەرێکی نەلەقیوی بۆ دابنێت. |
ئایا نازانن؟ ئایا نابیستن؟ ئەی لە سەرەتاوە پێتان ڕانەگەیەنراوە؟ ئایا لەو کاتەوەی زەوی بەدیهێنراوە تێنەگەیشتوون کە |
ئەو لەسەر ئاسۆی زەوی دادەنیشێت و دانیشتووانەکەی وەک پێکوڕە وان؟ ئەو ئاسمان وەک پڵاس بڵاو دەکاتەوە، وەک ڕەشماڵ هەڵیدەدات بۆ نیشتەجێبوون. |
ئەو مەزنەکان وەک نەبوو لێدەکات و حوکمڕانانی جیهان دەکات بە هیچ. |
هەر ئەوەندەی نێژران، چێنران و قەدیان لە زەوی ڕەگی داکوتا، فووی لێکردن و وشک هەڵگەڕان، ڕەشەبا وەک پووش هەڵیاندەگرێت. |
خودای پیرۆز دەفەرموێت: «لەگەڵ کێ هاوشێوەم دەکەن؟ من هاوتای کێم؟ |
چاوتان بۆ بەرزی هەڵبڕن و ببینن کێ ئەمەی بەدی هێناوە، کێ ئەستێرەکانی بە ژمارە دەردەهێنێت و ناو لە هەموویان دەنێت؟ لەبەر زۆری هێز و توندی توانای هیچ کامیان ون نابێت. |
«ئەی یاقوب، بۆ دەڵێیت، ئەی ئیسرائیل، بۆ سکاڵا دەکەیت:”ڕێگای من لە یەزدان شاردرایەوە، دادی من لە خودام تێپەڕی“؟ |
ئایا نەتزانی، یان نەتبیست؟ یەزدان خودای هەتاهەتاییە، بەدیهێنەری ئەمسەر و ئەوسەری زەوی. نە ماندوو و نە شەکەت دەبێت، کەس پەی بە تێگەیشتنی ئەو نابات. |
توانا بە ماندوو دەدات و بۆ داهێزراویش هێز زۆر دەکات. |
گەنجەکان ماندوو و شەکەت دەبن، لاوەکان پێیان هەڵدەکەوێت و دەکەون، |
بەڵام ئەوانەی چاوەڕوانی یەزدانن، هێزیان نوێ دەبێتەوە، وەک هەڵۆ لە شەقەی باڵ دەدەن، ڕادەکەن و شەکەت نابن، دەڕۆن و ماندوو نابن. |