پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوەی لەپێشتە بیخۆ، ئەم تۆمارە پێچراوەیە بخۆ و بڕۆ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە.» |
منیش دەمم کردەوە و ئەو تۆمارەی دەرخواردم دا. |
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بیخۆ و هەناوت پڕ بکە لەو تۆمارەی کە دامە تۆ.» منیش خواردم و لە دەمم وەک هەنگوین شیرین بوو. |
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بڕۆ بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل و بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێ. |
بۆ لای گەلێکی قسە ئاڵۆز و زمان گران نەنێردراویت، بەڵکو بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل، |
نەک بۆ لای چەند گەلێک کە زمانیان قورس و قسەیان ئاڵۆز بێت کە لە گفتوگۆیان تێنەگەیت، چونکە ئەگەر تۆم بۆ لای ئەوانە بناردایە گوێیان لێ دەگرتیت. |
بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل نایانەوێت گوێت لێ بگرن، چونکە نایانەوێت گوێ لە من بگرن، لەبەر ئەوەی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کەللەڕەق و دڵڕەقن. |
لەبەر ئەوە من ڕووی تۆم وەک ڕووی ئەوان چیڕ کردووە و کەللەی تۆ وەک کەللە ڕەقی ئەوان. |
ناوچەوانی تۆم وەک ئەڵماس لێکردووە، لە بەردەئەستێ ڕەقتر، جا لێیان مەترسە و مەتۆقە، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.» |
ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، هەموو ئەو قسەیەی پێتی دەڵێم، لە دڵتدا هەڵیبگرە و بە گوێت بیبیستە. |
بۆ لای ڕاپێچکراوەکان بڕۆ، بۆ لای هاونیشتیمانیانت و قسەیان لەگەڵ بکە. گوێ بگرن یان نەگرن، پێیان بڵێ:”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“» |
ڕۆحی خودا هەڵیگرتم، کاتێک شکۆمەندی یەزدان لەو شوێنە بەرز دەبووەوە کە تێیدا ڕاوەستابوو لە پشتمەوە گرمەیەک بەرزبووەوە. |
ئەمەش دەنگی باڵی گیانلەبەرەکان بوو کە هەریەکە و بەوەی تەنیشتی دەکەوت، هەروەها دەنگی چەرخەکان، دەنگی گرمەیەکی گەورە بوون. |
جا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی برد. هێزی یەزدانیش ناچاری کردم، منیش بە ڕۆحێکی تاڵ و تووڕەییەوە ڕۆیشتم. |
ئیتر هاتمە لای ئەو ڕاپێچکراوانەی لە تێلئاڤیڤ لەلای نۆکەندی کەڤار نیشتەجێ بوون. حەوت ڕۆژ بە سەرسوڕماوی لەوێ نیشتەجێ بووم. |
دوای حەوت ڕۆژەکە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
«ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کردووە بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، جا وشەکە لە دەمی منەوە ببیستە و لەلایەن منەوە ئاگاداریان بکەرەوە. |
کاتێک بە بەدکار دەڵێم:”سزاکەت مردنە“و تۆش ئاگادارت نەکردەوە و قسەت نەکرد وەک ئاگادارکردنەوە بۆ بەدکار لە ڕێگا خراپەکانی بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئەو بەدکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ. |
بەڵام ئەگەر تۆ بەدکارەکە ئاگادار بکەیتەوە و لە بەدکاری خۆی و لە ڕێگا خراپەکەی نەگەڕێتەوە، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆتت ڕزگار کردووە. |
«ئەگەر کەسی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان بکات، کۆسپ دەخەمە ڕێگای و دەمرێت. لەبەر ئەوەی ئاگادارت نەکردەوە گوناهەکەی دەبێتە هۆی مردنی و ئەو ڕاستودروستییەی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێت، خوێنەکەشی دەخەمە ئەستۆی تۆ. |
بەڵام ئەگەر تۆ کەسی ڕاستودروستەکەت ئاگادار کردەوە لەوەی ڕاستودروستەکە گوناه بکات و گوناهی نەکرد، ئەوا دەژیێت، چونکە ئاگادار کرایەوە و تۆش خۆتت ڕزگار کردووە.» |
لەوێ هێزی یەزدان هاتە سەرم، ئەویش پێی فەرمووم: «هەستە بڕۆ دەشتاییەکە، لەوێ قسەت لەگەڵ دەکەم.» |
منیش هەستام و چوومە دەرەوە بەرەو دەشتاییەکە. ئەوەتا شکۆمەندی یەزدان لەوێ وەستاوە وەک ئەو شکۆمەندییەی لەسەر نۆکەندی کەڤار بینیم، ئیتر بەسەر ڕوومدا کەوتم. |
ئینجا ڕۆحی خودا هاتە ناومەوە و هەڵیستاندمە سەر پێیەکانم، قسەی لەگەڵ کردم و پێی فەرمووم: «بڕۆ و لەناو ماڵەکەت دەرگا لەسەر خۆت دابخە. |
تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، بە گوریس دەتبەستنەوە و کۆت دەکرێیت، بۆ ئەوەی نەتوانیت بچیتە ناویان. |
منیش زمانت بە مەڵاشووتەوە دەنووسێنم و لاڵ دەبیت، بۆیان نابیت بە پیاوێکی سەرزەنشتکار، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین. |
بەڵام کاتێک قسەت لەگەڵ دەکەم دەمت دەکەمەوە و پێیان دەڵێیت:”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“ئەوەی گوێ دەگرێت با گوێ بگرێت و ئەوەی گوێ ناگرێت با گوێ نەگرێت، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین. |