ئەگەر گا یان مەڕی هەر هاوڵاتییەکت بینی وێڵ بووە، خۆتی لێ گێل مەکە، بەڵکو پێویستە لەسەرت بۆ براکەتی بگەڕێنیتەوە، |
جا ئەگەر براکەت لێتەوە نزیک نەبوو یان نەتدەناسی، ئەوا بیخەرە ماڵەکەتەوە و لەلات دەبێت هەتا براکەت داوای دەکاتەوە، ئەوسا بۆی دەگەڕێنیتەوە. |
هەمان شت دەکەیت بۆ گوێدرێژەکەی و بۆ کەواکەی و بۆ هەر شتێکی ون بوو لە براکەت کە لێی ون دەبێت و تۆ دەیدۆزیتەوە، بۆت نییە خۆتی لێ گێل بکەیت. |
کە گوێدرێژ یان گای براکەت دەبینیت لە ڕێگادا کەوتووە، خۆتی لێ گێل مەکە، بەڵکو پێویستە لەسەرت لەگەڵی هەڵیبستێنیتەوە. |
شتومەکی پیاو نابێت بەبەر ژنەوە بێت و نابێت پیاو جلی ژن لەبەر بکات، چونکە هەرکەسێک ئەمە بکات، قێزەونە لەلای یەزدانی پەروەردگارت. |
ئەگەر ڕێککەوت هێلانەی باڵندەیەک لە ڕێگا لەپێشت بوو، لەناو دارێک یان لەسەر زەوی و بێچوو یان هێلکەی تێدابوو و دایکەکەشی تێدابوو بە کڕی لەسەر بێچووەکان یان هێلکەکان هەڵنیشتبوو، ئەوا دایکەکە و بێچووەکان پێکەوە مەبە، |
دایکەکە ئازاد بکە و بێچووەکان بۆ خۆت ببە، بۆ ئەوەی چاکەت بۆ ببێت و درێژە بە ڕۆژانت بدەیت. |
ئەگەر خانووێکی نوێت بنیاد نا، ستارە بۆ سەربانەکەت بکە، نەوەک خوێنێک بهێنیتە سەر ماڵەکەت ئەگەر یەکێکی لێ کەوتە خوارەوە. |
لە ڕەزەکەت دوو جۆر تۆو مەچێنە، ئەگەر ئەمە بکەیت، نەک تەنها ئەوەی دەیچێنیت، بەڵکو بەری ڕەزە مێوەکەشت بۆ پیرۆزگا تەرخان دەکرێت. |
کێڵان بە گا و گوێدرێژ پێکەوە مەکە. |
جلوبەرگی تێکەڵاو لەبەر مەکە، خوری و کەتان پێکەوە لەبەر مەکە. |
لە لچکەکانی کەواکەت کە خۆتی پێ دەپۆشیت، گوڵینگ بۆ خۆت بکە. |
ئەگەر پیاوێک ژنێکی هێنا و کاتێک چوو بۆ لای ڕقی لێی بووەوە و |
قسەی بۆ هەڵبەست و ناوێکی خراپی بەدواوە نا و گوتی، «ئەم ژنەم هێنا و کە چوومە لای پەردەی کچێنی نەبوو.» |
دایک و باوکی کچەکە بەڵگەی کچێنییەکەی دەبەن و لەلای دەروازەی شارۆچکەکە بۆ پیرانی شارۆچکەکە دەسەلمێنن. |
باوکی کچەکە بە پیران دەڵێت، «کچەکەی خۆمم بەم پیاوە دا ببێتە ژنی و ڕقی لێی بووەوە. |
وا قسەشی بۆ هەڵبەستووە و دەڵێت:”کچەکەت پەردەی کچێنی نەبوو،“ئەمەش بەڵگەی کچێنی کچەکەمە،» جلەکەش لەبەردەم پیرانی شارۆچکەکە دەخەنە ڕوو، |
ئیتر پیرانی ئەو شارە پیاوەکە دەبەن و تەمبێی دەکەن. |
سزای دەدەن بە سەد شاقلی زیو بۆ باوکی کچەکە، چونکە ناوێکی خراپی خستە دوای پاکیزەیەک لە ئیسرائیل، جا دەبێتە ژنی و بە درێژایی ژیانی ناتوانێت تەڵاقی بدات. |
بەڵام ئەگەر تۆمەتبارکردنەکە ڕاست بوو و کچەکە بەڵگەی پاکیزەیی نەبوو، |
ئەوا کچەکە دەبەنە بەردەرگای ماڵی باوکی و پیاوانی شارەکەی بەردبارانی دەکەن هەتا دەمرێت، چونکە کارێکی ناشیرینی لە ئیسرائیلدا کردووە بە بەدڕەوشتییەکەی کە لە ماڵی باوکی کردوویەتی، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن. |
ئەگەر بینرا پیاوێک لەگەڵ ژنێکی بەمێرد جووت بووە، ئەوا هەردووکیان دەکوژرێن، ئەو پیاوەی لەگەڵ ژنەکە جووت بووە و ژنەکەش، جا خراپەکاری لە ئیسرائیلدا دادەماڵن. |
ئەگەر کچێک مارەبڕاو بێت بۆ پیاوێک و پیاوێکی دیکە لەناو شار بینی و لەگەڵی جووت بوو، |
ئەوا هەردووکیان ببەنە دەرەوە بۆ لای دەروازەی ئەو شارۆچکەیە و بەردبارانیان بکەن هەتا دەمرن، لەبەر ئەوەی کچەکە لەناو شار هاواری نەکرد بۆ فریاکەوتن و هەروەها پیاوەکەش ئابڕووی دەستگیرانی پیاوێکی دیکەی برد، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن. |
بەڵام ئەگەر پیاوێک کچێکی مارەبڕاوی لە کێڵگەدا بینی و لاقەی کرد، ئەوا تەنها پیاوەکە کە لاقەی کردووە دەمرێت، |
بەڵام کچەکە هیچی لێ ناکرێت، کچەکە گوناهێکی لەسەر نییە شایانی سزای مردن بێت، بەڵکو چۆن پیاوێک پەلاماری دراوسێکەی بدات و بیکوژێت، ئەو ڕووداوەش ئاوایە، |
کچەکەی لە کێڵگەدا بینیوە و کچە مارەبڕاوەکە هاواری کردووە و کەس نەبووە ڕزگاری بکات. |
ئەگەر پیاوێک کچێکی نیشان نەکراوی بینی و لاقەی کرد و هەردووکیان ئاشکرا بوون، |
ئەوا پیاوەکەی ئابڕووی بردووە، پەنجا شاقل زیو دەداتە باوکی کچە و ئەویش دەبێتە ژنی، لەبەر ئەوەی دەستدرێژی کردووەتە سەری، بە درێژایی ژیانیشی ناتوانێت تەڵاقی بدات. |
نابێت پیاوێک ژنی باوکی خۆی بهێنێت و ناموسی باوکی ببات. |