بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. ئەی هەموو نەتەوەکان، چەپڵە لێبدەن، بە هاواری شادییەوە هوتاف بۆ خودا بکێشن. |
یەزدانی هەرەبەرز بە سامە، پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو زەوییەوە. |
نەتەوەکانی خستە ژێر دەستمان، گەلانی خستە ژێر پێمان. |
میراتی بۆ هەڵبژاردین، ئەو خاکە کە شانازی نەوەی یاقوبە، ئەوانەی کە ئەو خۆشی ویستن. |
لەناو هوتافی شادی خودا بەرزبووەوە، یەزدان بەرزبووەوە، لەگەڵ دەنگی کەڕەنا. |
گۆرانی ستایش بۆ خودا بڵێن، گۆرانی ستایش، گۆرانی ستایش بۆ پاشامان بڵێن، گۆرانی ستایش. |
خودا پاشای هەموو زەوییە، هۆنراوەی ستایشی بە گۆرانی بۆ بڵێن. |
خودا پاشایەتی نەتەوەکان دەکات، خودا لەسەر تەختی پیرۆزی خۆی دادەنیشێت. |
سەروەرانی گەلان وەک گەلی خودای ئیبراهیم کۆبوونەوە، چونکە پاشاکانی زەوی هی خودان، ئەو پایەی زۆر بەرزبووەوە. |