بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت، با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت. |
با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات. |
با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات. |
با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت. |
هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە. با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت. |
ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی ڕزگار دەکات، لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت، بە توانای ڕزگاریی دەستی ڕاستی. |
هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ، بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین. |
ئەوان چەمانەوە و کەوتن، بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین. |
ئەی یەزدان، پاشا ڕزگار بکە! کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە! |