زەبوورێکی داود. ستایش بۆ یەزدان، تاشەبەردی من، ئەوەی مەشق بە دەستم دەکات بۆ شەڕ، پەنجەکانم بۆ جەنگ. |
ئەو خودای خۆشەویستم و قەڵامە، پەناگا و دەربازکەرە بۆم، قەڵغانمە و پشتم بەو بەستووە، ئەوەی گەلەکانی خستووەتە ژێر ڕکێفم. |
ئەی یەزدان، مرۆڤ چییە هەتا گرنگی پێبدەیت؟ کوڕی مرۆڤ چییە هەتا تۆ بیری لێ بکەیتەوە؟ |
مرۆڤ لە هەناسەیەک دەچێت، ڕۆژگاریشی وەک سێبەرێکی تێپەڕیوە. |
ئەی یەزدان، ئاسمانەکەت لێکبکەوە و وەرە خوارەوە، دەست بدە چیاکان و دووکەڵ دەکەن. |
چەخماخە بدە و دوژمنەکانم پەرت بکە، تیرت تێگرە و بیانبەزێنە. |
لە بەرزاییەوە دەستت درێژ بکە، فریام بکەوە و دەربازم بکە، لە ئاوی زۆر و لە دەستی بێگانە، |
ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن، سوێندخواردنیان ساختەیە. |
ئەی خودایە، گۆرانییەکی نوێت بۆ دەڵێم، بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقات بۆ دەژەنم، |
بۆ ئەوەی ڕزگاری دەدات بە پاشایان، ئەوەی داودی بەندەی خۆی لە شمشێری بەدکار دەرباز دەکات. |
دەربازم بکە و لە دەست بێگانە فریام بکەوە، ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن، سوێندخواردنیشیان ساختەیە. |
ئیتر کوڕەکانمان لە سەردەمی لاویێتییان وەک نەمامی گەشەکردوو دەبن، کچەکانمان وەک ستونی داتاشراوی گۆشەی کۆشک دەبن. |
ئەمبارەکانمان پڕ دەبن لە هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک، مەڕەکانمان یەکە و هەزار و بە دەیان هەزار دەبن لەناو کێڵگەکانمان، |
گایەکانمان باری قورس ڕادەکێشن. بێ شکانی شوورا و بێ ڕاپێچکردن، شەقامەکانمان هاواری تەنگانەیان لێ نایێت! |
خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی ئاوای بۆ ببێت، خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی یەزدان خودایانە. |