دڵدارەکەت چووە کوێ، ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟ دڵدارەکەت ڕووی لەکوێ کرد، هەتا لەگەڵت بەدوایدا بگەڕێین؟ |
دڵدارەکەم دابەزییە ناو باخچەکەی، بۆ ناو باخچەی بۆندار، هەتا مێگەلی خۆی لەناو باخچەکاندا بلەوەڕێنێت و سەوسەن کۆبکاتەوە. |
من بۆ دڵدارەکەمم و دڵدارەکەم بۆ منە، لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت. |
یارەکەم تۆ وەک شانشینی تیرزە جوانی، وەک ئۆرشەلیم شیرینی، وەک لەشکرە ئاڵادارەکان شکۆداری. |
چاوەکانت لەسەر من لابدە، چونکە بەرگەی ناگرم. قژت وەک ڕانە بزنە کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە. |
ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن کە لە شوشتن گەڕاونەتەوە، هەموویان جووتن، هیچیان بە تەنها نین. |
گۆنات وەک لەتە هەنارە لە پشت پەچەکەتەوە. |
شەست شاژنن و هەشتا کەنیزەن، پاکیزەکانیش لە ژمارە نایەن، |
بەڵام کۆترەکەم، بێگەردەکەم، بێ وێنەیە، کچە تاقانەی دایکییەتی، نازدارەکەی ئەوەی بوویەتی. کچ بینییان خۆزگەیان پێ خواست شاژنەکان و کەنیزەکان ستایشیان کرد. |
ئەوە کێیە سەری هەڵهێنا وەک بەرەبەیان، جوانە وەک مانگ، بێگەردە وەک ڕۆژ، وەک کەژاوەی ئەستێرەکان شکۆدارە؟ |
بۆ ناو باخی دار گوێز دابەزیم بۆ بینینی دەرکەوتنی گیای دۆڵ، بۆ ئەوەی ببینم ئاخۆ دار مێو چەکەرەی کردووە، هەناریش پشکوتووە؟ |
پێش ئەوەی بزانم، گیانم لەناو گالیسکەکانی پاشایەتی گەلەکەم داینام. |
ئەی شولەمیتی، بگەڕێوە، بگەڕێوە! بگەڕێوە، بگەڕێوە، بۆ ئەوەی تەماشات بکەین! دڵدار بۆچی تەماشای شولەمیت دەکەن وەک سەمای مەحەنەیم؟ |