زەبوورێکی داود. بەهۆی خراپەکاران مەراق مەخۆ، بەغیلی بە بەدکاران مەبە، |
چونکە وەک گیان، زوو وشک دەبن، وەک گژوگیای سەوز زوو سیس دەبن. |
پشت بە یەزدان ببەستە و چاکە بکە، لەسەر خاکەکە نیشتەجێ بە و چاودێری دڵسۆزی بکە. |
خۆشی لە یەزدان ببینە، داواکارییەکانی دڵت پێدەبەخشێت. |
ڕێگای خۆت بە یەزدان بسپێرە و متمانەی پێ بکە و ئەو ئاوا دەکات: |
ڕاستودروستیت وەک ڕووناکی دەردەخات، بێتاوانییەکەت وەک خۆری نیوەڕۆ. |
لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بە و بە ئارامییەوە چاوەڕێی بکە، کاتێک ئەوانە لە ڕێگاکانیان سەردەکەون، کاتێک فرتوفێڵەکانیان جێبەجێ دەکەن، مەراق مەخۆ. |
لە تووڕەیی هێوربەوە و خۆت لە قین لابدە. مەراق مەخۆ، دەنا بەرەو خراپەت دەبات. |
بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، بەڵام ئەوانەی ئومێدیان بە یەزدانە، دەبنە میراتگری خاکەکە. |
پاش ماوەیەکی کەم بەدکار نامێنێت، دەڕوانیتە شوێنەکەی، لەوێ نەماوە. |
بەڵام بێفیزەکان دەبن بە میراتگری خاکەکە و خۆشی لە زۆری ئاشتی دەبینن. |
خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و ددانی لێ جیڕدەکاتەوە، |
بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت، چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت. |
بەدکاران شمشێر هەڵدەکێشن و کەوانەکانیان دەچەمێننەوە، بۆ ئەوەی هەژار و نەدارەکان بپێکن، بۆ سەربڕینی ئەوانەی ڕێگایان ڕاستە. |
بەڵام شمشێرەکانیان دەچێتە ناو دڵی خۆیان، کەوانەکانیان تێکدەشکێت. |
ئەو کەمەی کە کەسی ڕاستودروست هەیەتی، لە سامانی گەلێک بەدکاران باشترە، |
چونکە بەدکارەکان بازوویان دەشکێت، بەڵام یەزدان پشتی ڕاستودروستان دەگرێت. |
یەزدان تەمەنی ئەوانە دەزانێت کە بێ کەموکوڕین، هەتاهەتایە میراتیان دەمێنێت. |
لە ڕۆژگاری بەڵا شەرمەزار نابن، لە ڕۆژگاری قاتوقڕیدا تێر دەبن. |
بەڵام بەدکاران دەفەوتێن، دوژمنەکانی یەزدانیش وەک گوڵی کێوی لەناودەچن، وەک دووکەڵ لەناودەچن. |
بەدکاران قەرز دەکەن و پێیان نادرێتەوە، بەڵام ڕاستودروستەکان بە دڵفراوانییەوە دەبەخشن. |
ئەوانەی یەزدان بەرەکەتداری کردوون دەبن بە میراتگری خاکەکە، بەڵام ئەوانەی بەر نەفرەتی کەوتوون دوایان دەبڕدرێتەوە. |
یەزدان هەنگاوەکانی مرۆڤ دەچەسپێنێ، بە ڕێگاکەی دڵخۆش دەبێ. |
ئەگەر پێی بخزێت، ناکەوێت، چونکە یەزدان بە دەستی خۆی پشتی دەگرێت. |
من گەنج بووم و ئێستا پیرم، هەرگیز نەمبینی ڕاستودروست وازی لێ بهێنرێت، یان منداڵەکانی سواڵی نان بکەن. |
هەردەم دڵفراوانە و قەرز دەدات، منداڵەکانیشی بەرەکەتدار دەبن. |
لە بەدکاری لابدە و چاکە بکە، ئینجا هەتاهەتایە لە خاکەکە نیشتەجێ دەبیت، |
چونکە یەزدان حەز لە دادپەروەری دەکات، واز لە خۆشەویستانی ناهێنێ. هەتاهەتایە دەپارێزرێن، بەڵام منداڵەکانی بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە. |
ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری خاکەکە و هەتاهەتایە لەسەری نیشتەجێ دەبن. |
دەمی پیاوچاک بە دانایی دەدوێت، زمانیشی باسی دادپەروەری دەکات. |
فێرکردنی خودای خۆی لەناو دڵیەتی، بۆیە پێی ناخلیسکێت. |
بەدکار خۆی مات دەکات بۆ ڕاستودروست، هەوڵدەدات بیکوژێت، |
بەڵام یەزدان لەبەردەستی بەجێی ناهێڵێت، ناهێڵێ لە دادگاش تاوانبار بکرێت. |
چاوەڕێی یەزدان بکە و ڕێگای ئەو بگرە. ئەویش بەرزت دەکاتەوە و دەتکات بە میراتگری خاکەکە، کاتێک بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، دەیانبینیت. |
بەدکارم دی بێ ویژدان بوو، وەک دار ئورزێکی سەوز لە خاکێکی بەپیت گەشەی دەکرد، |
بەڵام زوو تێپەڕی و نەما، هەرچەند بۆی گەڕام بەڵام دیار نەبوو. |
بڕوانە مرۆڤی بێ کەموکوڕی، سەیری مرۆڤی ڕاست بکە، مرۆڤی ئاشتیخواز دواڕۆژی هەیە. |
بەڵام هەموو یاخیبووەکان لەناودەچن، دواڕۆژی بەدکاران دەبڕدرێتەوە. |
ڕزگاریی ڕاستودروستان لەلایەن یەزدانەوە دێت، ئەو قەڵای ئەوانە لە کاتی تەنگانە. |
یەزدان یارمەتییان دەدات و دەربازیان دەکات، لە بەدکاران دەربازیان دەکات و ڕزگاریان دەکات، چونکە پەنا بۆ ئەو دەبەن. |