فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: |
«بڕۆ و بە ئۆرشەلیمی ڕابگەیەنە با خەڵکەکە بیبیستن، بڵێ: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”بە یادی خۆمم هێنایەوە، دڵسۆزی کاتی مێردمنداڵیت و خۆشەویستی کاتی بووکێنیت، بەدوای مندا ڕۆیشتیت لە چۆڵەوانی، بە خاکێکدا کە کشتوکاڵی تێدا نەبوو. |
ئیسرائیل بۆ یەزدان پیرۆز بوو، یەکەمین بەرهەمی بەروبوومەکەیەتی. هەموو ئەوانەی خواردیان تاوانیان کرد، بەڵایان بەسەردا هات.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئەی هەموو خێڵەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل، |
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «باوباپیرانتان چ کەموکوڕییەکیان لە مندا بینی کە لێم دوورکەوتنەوە؟ چوون دوای بتی پووچ کەوتن و خۆیان پووچ کرد. |
پرسیاریان نەکرد:”کوا یەزدان، ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێناین، ئەوەی ئێمەی بەناو چۆڵەوانیدا برد، بە خاکێکی ڕووتەن و چاڵوچۆڵدا، بە خاکێکی وشک و سێبەری مەرگ، بە خاکێکدا کە کەسی پێدا تێنەپەڕیبوو، کەس لەوێ نیشتەجێ نەببوو؟“ |
ئێوەم هێنایە ناو خاکێکی بەپیت بۆ ئەوەی بەروبووم و بەرهەمە چاکەکانی بخۆن. بەڵام هاتن و زەوییەکەی منتان گڵاو کرد، میراتەکەی منتان قێزەون کرد. |
کاهینەکان پرسیاریان نەکرد:”کوا یەزدان؟“ئەوانەی مامۆستای تەوراتن نەیانناسیم، ڕابەرەکان لێم یاخی بوون، پێغەمبەرەکان بەهۆی بەعلەوە پێشبینییان کرد، دوای بتی پووچ کەوتن.» |
یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە دیسان دادگاییتان دەکەم، منداڵی منداڵیشتان پەلکێشی دادگا دەکەم. |
لە کەنارەکانی کیتیم بپەڕنەوە و ببینن، بنێرن بۆ قێدار و بە وردی سەرنج بدەن، ببینن ئاخۆ شتی وەک ئەمە بووە؟ |
ئایا هیچ نەتەوەیەک خوداوەندەکانی خۆی گۆڕیوە؟ هەرچەندە خودا نین. بەڵام گەلەکەی من خودای شکۆمەندیان گۆڕییەوە بە بتی پووچ. |
ئەی ئاسمان، لەبەر ئەمە واقت وڕبمێنێت، موچڕکەت پێدابێت و زۆر سەرسام بە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
«گەلەکەم دوو خراپەی کردووە: وازیان لە من هێنا، من کە کانی ئاوی ژیانم، هەروەها ئەمباراویان بۆ خۆیان هەڵکەند، ئەمباراوی شکاو کە ئاو ڕاناگرێت. |
ئایا ئیسرائیل کۆیلەیە؟ یان کوڕی کۆیلەی لەدایک بووی ماڵە؟ بۆچی بوو بە تاڵانی؟ |
بەچکە شێران بەسەریدا نەڕاندیان، دەنگیان هات، خاکەکەیان وێران کردووە، شارۆچکەکانی سووتاون، بێ دانیشتووانن. |
هەروەها نەوەی مەمفیس و تەحپەنحێس تەپڵی سەری تۆیان تراشیووە. |
ئایا تۆ ئەمەت بە خۆت نەکرد، کە وازت لە یەزدانی پەروەردگارت هێنا کاتێک بە ڕێگادا دەیبردیت؟ |
ئێستا بۆچی دەچیتە میسر بۆ خواردنەوەی ئاوی نیل؟ ئێستا بۆچی دەچیتە ئاشور بۆ خواردنەوەی ئاوی ڕووباری فورات؟ |
خراپەی خۆت تەمبێت دەکات و هەڵگەڕانەوەت سەرزەنشتت دەکات. جا بزانە و ببینە کە بۆتان خراپ و تاڵە، کاتێک واز لە یەزدانی پەروەردگارت دەهێنیت و ترسی منت لە دڵدا نییە،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار. |
«تۆ لە کۆنەوە نیری خۆتت شکاندووە، کۆتەکانت پساندووە، گوتت:”تۆ ناپەرستم!“تۆ بە ڕاستی لەسەر هەموو گردێکی بەرز و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا وەک لەشفرۆشێک ڕاکشایت. |
من وەک شامێوێک لە نایابترین جۆر تۆم چاند، ئیتر چۆن لێم گۆڕایت، گۆڕایت بۆ زڕمێو؟ |
هەرچەندە بە سۆدەش خۆت بشۆیت، زیاد سابوونیش لە خۆت بدەیت، هێشتا لەکەی تاوانەکەت لەبەردەممە.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. |
«ئیتر چۆن دەڵێیت:”گڵاو نەبووم، دوای بەعلەکان نەکەوتووم؟“تەماشای ڕێگاکەی خۆت بکە لە دۆڵەکە، بزانە چیت کردووە. تۆ وەک وشترە سووکەکەی کە لە ڕۆیشتندا بەلادادێی، |
وەک کەرەکێوییەکەی کە فێری چۆڵەوانیت، لەتاو هەوەسی با هەڵدەمژێت، لە کاتی بەتەڵەب هاتنی کێ دەیگێڕێتەوە؟ هەموو ئەوانەی داوای دەکەن بەبێ ماندووبوون لە کاتی زاوزێ دەیدۆزنەوە. |
ئەوەندە مەگەڕێ تاوەکو ئەوەی پێیەکانت ڕووت بێتەوە و گەرووت وشک بێت. بەڵام گوتت:”بێهوودەیە! نا! چونکە خوداوەندە بێگانەکانم خۆشویستووە، دوای ئەوان دەکەوم.“ |
«وەک شەرمەزاری دز کە دەگیرێت، ئاوا بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاربوون، خۆیان و پاشا و میر و کاهین و پێغەمبەرەکانیان. |
هەریەکەیان بە دار دەڵێت:”تۆ باوکی منیت“و بە بەرد:”تۆ منت بووە.“پشتیان تێ کردم نەک ڕوو، بەڵام لە کاتی بەڵایاندا دەڵێن:”هەستە و ڕزگارمان بکە!“ |
ئیتر کوا خوداوەندەکانت کە بۆ خۆت دروستت کردن؟ با هەستن، ئەگەر لە کاتی بەڵادا دەتوانن ڕزگارت بکەن! ئەی یەهودا، خوداوەندەکانت بەقەد ژمارەی شارۆچکەکانتن.» |
یەزدان دەفەرموێت: «بۆچی سکاڵام لێ دەکەن؟ هەمووتان لێم یاخی بوون، |
بەخۆڕایی سزای منداڵەکانتانم دا، تەمبێکردنیان وەرنەگرت، شمشێرەکانتان پێغەمبەرەکانتانی خوارد، وەک شێرێکی لەناوبەر. |
«ئەی نەوە، ئێوە ئاگاداری فەرمایشتی یەزدان بن: «ئایا بۆ ئیسرائیل بووم بە چۆڵەوانی، یان خاکی تاریک و تنۆک؟ بۆچی گەلەکەم دەڵێن:”بەڕەڵا بووین، ئیتر بۆ لات نایەینەوە؟“ |
ئایا کچ خشڵی خۆی لەبیر دەکات، یان بووک جلی بووکێنی؟ بەڵام گەلەکەی خۆم ڕۆژانێکی بێشومار منیان لەبیر کرد. |
تۆ چەند لێزانیت لە گەڕان بەدوای خۆشەویستیدا! تەنانەت سۆزانییەکانیشت فێری ڕێگای خۆت کرد. |
هەروەها بە جلەکانتەوە دەبینرێت، خوێنی گیانی نەدارە بێتاوانەکان، هەرچەندە ئەوانت لە کاتی دیواربڕیندا نەگرت. بەڵام لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە |
دەڵێیت:”من بێتاوانم، خودا لە من تووڕە نییە.“بەڵام دادگاییت دەکەم، چونکە گوتت:”گوناهم نەکرد.“ |
بۆچی زۆر دەگەڕێیت بۆ گۆڕینی ڕێگاکانت؟ هەروەها لە میسریش شەرمەزار دەبیت، وەک چۆن لە ئاشور شەرمەزار بوویت. |
هەروەها میسر بەجێدەهێڵیت و وەک دیل دەستەکانت بەسەر سەرتەوە دەبن، چونکە ئەوانەی تۆ پشتیان پێ دەبەستیت یەزدان ڕەتیکردنەوە، بەوان سەرکەوتوو نابیت.» |