لە پۆڵسەوە، بەندەی خودا و نێردراوی عیسای مەسیح، لە پێناوی گەشەکردنی باوەڕی ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون بۆ ناسینی ئەو ڕاستییەی کە بەرەو لەخواترسییان دەبات، | 1 |
بە هیوای ئەو ژیانە هەتاهەتاییەی کە خودا، ئەوەی هەرگیز درۆ ناکات، لەپێش دەستپێکی زەمان بەڵێنی داوە. (aiōnios g166) | 2 |
لە کاتی خۆیدا وشەکەی بە ڕاگەیاندن دەرخست، ئەوەی بەگوێرەی فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان بە من سپێردرا. | 3 |
بۆ تیتۆسی کوڕی ڕاستەقینەم بەگوێرەی باوەڕی هاوبەشمان: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە لەگەڵت بێت. | 4 |
لەبەر ئەمە تۆم لە دوورگەی کریت بەجێهێشت، تاکو ئەو شتانەی ماونەتەوە ڕێکیان بخەیت و لە هەموو شارێکدا پیران دابنێیت، وەک ڕامسپاردوویت. | 5 |
پیر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، منداڵەکانی باوەڕدار بن و کەس لەسەر بەڕەڵایی و یاخیبوون سکاڵایان لێ نەکات. | 6 |
لەبەر ئەوەی چاودێر سەرکاری خودایە، پێویستە گلەیی لەسەر نەبێت، خۆسەپێن و تووڕە و سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، چاوی لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، | 7 |
بەڵکو میوان دۆست بێت، حەز لە چاکە بکات، ژیر بێت، ڕاستودروست و پیرۆز و خۆڕاگر بێت. | 8 |
دەست بە پەیامی متمانەوە بگرێت کە بەگوێرەی فێرکردنە، تاکو بتوانێت بە فێرکردنی دروست خەڵک هانبدات، سەرزەنشتی بەرهەڵستکاران بکات. | 9 |
باسی ئەو شتانە دەکەم، چونکە خەڵکی یاخی زۆرن کە فێڵبازن و قسەی پووچ دەکەن، بە تایبەتی لەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت. | 10 |
دەبێت دەمی ئەمانە دابخرێت، چونکە بۆ دەستکەوتی ناڕەوا، بە فێرکردنە ناپەسەندەکانیان تەواوی خێزانەکان هەڵدەگەڕێننەوە. | 11 |
یەکێک لە پێغەمبەرانی دوورگەی کریت گوتوویەتی: «کریتییەکان هەمیشە درۆ دەکەن، دەعبای بەدکارن، نەوسنی تەمبەڵن.» | 12 |
ئەم شایەتییە ڕاستە. لەبەر ئەوە بە توندی سەرزەنشتیان بکە، تاکو لە باوەڕەکەدا دروست بن و | 13 |
سەرنج نەدەنە ئەفسانەی جولەکە و ڕاسپاردەی ئەو کەسانەی کە لە ڕاستی هەڵدەگەڕێنەوە. | 14 |
بۆ پاک هەموو شتێک پاکە، بەڵام بۆ گڵاو و بێباوەڕان هیچ شتێک پاک نییە. لەڕاستیدا، بیر و ویژدانیشیان گڵاو بووە. | 15 |
بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خودا دەناسن بەڵام بە کردەوە نکۆڵی لێ دەکەن. ئەوانە قێزەونن و گوێڕایەڵ نین و بەکەڵکی هیچ چاکەکارییەک نایەن. | 16 |