بەڵام تۆ دەبێت بە فێرکردنی دروست خەڵکی فێر بکەیت. | 1 |
پیرەمێردەکان فێر بکەن کە وریابن، بەڕێز، ژیر، دروست بن لە باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن. | 2 |
هەروەها پیرێژنەکان فێر بکەن کە بە ڕێزەوە بژین، بوختانکەر نەبن و خوو بە شەرابەوە نەگرن، بەڵکو شتی چاک فێری خەڵکی بکەن، | 3 |
تاکو ئامۆژگاری ژنە گەنجەکان بکەن کە مێرد و منداڵیان خۆشبوێت، | 4 |
ژیر و پاک بن، بە ماڵەوە سەرقاڵ بن، چاک بن و ملکەچی مێردەکانیان بن، نەوەک کفر بە وشەی خودا بکرێت. | 5 |
بە هەمان شێوە، هانی پیاوە گەنجەکان بدە ژیر بن. | 6 |
لە هەموو شتێکدا ببە بە نموونەیان بۆ چاکەکاری. لە فێرکردندا دروستی و دڵسۆزی پیشان بدە، | 7 |
با قسەت دروست بێت و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، تاکو ناحەز شەرمەزار بێت، چونکە هیچی خراپ نادۆزێتەوە لە دژتان بیڵێت. | 8 |
کۆیلەکانیش لە هەموو شتێکدا ملکەچی گەورەکانیان بن، ڕازییان بکەن، بەرپەرچیان نەدەنەوە، | 9 |
هیچیان لێ نەدزن، بەڵکو ئەوپەڕی دەستپاکی پیشان بدەن، تاکو لە هەموو شتێکدا فێرکردنی خودای ڕزگارکەرمان بڕازێننەوە. | 10 |
نیعمەتی خودا دەرکەوت و ڕزگاری پێشکەشی هەموو خەڵک دەکات. | 11 |
ئەوەی فێرمان دەکات نکۆڵی لە خوانەناسی و هەوەسە دنیاییەکان بکەین، بە ژیری و ڕاستودروستی و لەخواترسی بژین لەم دنیایە، (aiōn g165) | 12 |
لە چاوەڕوانی هیوای بەرەکەتدار، دەرکەوتنی شکۆی خودای گەورە و ڕزگارکەرمان، عیسای مەسیح، | 13 |
ئەوەی بۆ ئێمە خۆی بەختکرد، تاکو لە هەموو سەرپێچییەک بمانکڕێتەوە و گەلێکی تایبەت بۆ خۆی پاک بکاتەوە، دڵگەرم بۆ چاکەکاری. | 14 |
ئەو شتانە فێری خەڵکی بکە، هانیان بدە و بە هەموو دەسەڵاتێک سەرزەنشتیان بکە. ڕێگا مەدە کەس بە کەمت بزانێت. | 15 |