بریا برای من بووای، شیرەخۆری مەمکی دایکم! ئەوا لە دەرەوە تووشت دەهاتم و ماچم دەکردیت، بەبێ ئەوەی ڕیسوا بم. | 1 |
دەمبردیت، دەمبردیتە ماڵی دایکم، ئەوەی منی پەروەردە کردووە. شەرابی تێکەڵاوم دەرخوارد دەدای، لە خۆشاوی هەنارەکەم. | 2 |
دەستی چەپی لەژێر سەرمە و دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت. | 3 |
ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات. | 4 |
ئەو کچە کێیە لە چۆڵەوانییەوە دێت و پاڵی بە دڵدارەکەیەوە داوە؟ ئەویندار لەژێر دار سێوەکە بەئاگام هێنای، لەوێ دایکت بە تۆ سک پڕ بوو، لەوێ ئەوەی تۆی بوو سکی پێت پڕ بوو. | 5 |
بمکە مۆر لەسەر دڵت، مۆر لەسەر بازووت، چونکە خۆشەویستی وەک مردن بەهێزە، ئیرەیی وەک گۆڕ سەختە، خۆشەویستی سووتێنەرە، گڕی ئاگرە، وەک ئاگرێکی بەهێزە. (Sheol h7585) | 6 |
ئاوە زۆرەکان ناتوانن خۆشەویستی بکوژێننەوە، ڕووبارەکان نوقومی ناکەن. ئەگەر مرۆڤ هەموو سامانی ماڵەکەی لە پێناوی خۆشەویستی ببەخشێت، بە بێبەها دادەنرێت. | 7 |
خوشکێکی بچووکمان هەیە، هێشتا مەمکی نەهاتووە. چی بکەین بۆ خوشکمان، ئەو ڕۆژەی داخوازیکەری بێت؟ | 8 |
ئەگەر شوورا بێت، قوللەی زیوین لەسەری بنیاد دەنێین. ئەگەر دەرگا بێت، بە تەختەداری ئورز دەوری دەدەین. | 9 |
من شوورام و مەمکەکانم وەک قوللەن، بەم جۆرە لە چاوەکانی پەسەندی بەدی دەکەم. | 10 |
سلێمان ڕەزەمێوێکی هەبوو لە بەعلهامۆن، ئەم ڕەزەمێوی دایە ڕەزەوانان، هەریەکە و لە بڕی بەرهەمەکەی هەزار شاقل زیوی دەدا. | 11 |
بەڵام ڕەزەمێوەکەی خۆم بە ویستی خۆمە بیبەخشم؛ ئەی سلێمان، هەزار شاقل بۆ تۆ بێت، دوو سەد شاقلیش بۆ ڕەزەوانەکان. | 12 |
ئەی دانیشتووی ناو باخچەکان! هاوڕێیان گوێیان لە دەنگت گرتووە، با گوێم لێت بێت. | 13 |
ڕابکە، دڵدارەکەم، وەک ئاسک بە یان وەک کارمامز لەسەر ئەو چیایانەی پڕ بۆنوبەرامن. | 14 |