هاتمە ناو باخچەکەم، ئازیزم، بووکێ، موڕ و بۆنوبەرامی خۆمم کۆکردەوە، شانەی هەنگوین و هەنگوینی خۆمم خوارد، شەراب و شیری خۆمم خواردەوە. هاوڕێیەکان ئەی هاوڕێیان، بخۆن و بخۆنەوە؛ یاران، بە ئەوین مەست بن. | 1 |
من خەوتووم، بەڵام دڵم بێدارە! دەنگی دڵدارەکەمە لە دەرگا دەدات: «دەرگام بۆ بکەرەوە، دڵداری ئازیزم، ئەی کۆترەکەم، ئەی بێ کەموکوڕییەکەم، سەرم پڕ ئاونگ بووە، ئەگریجەم پڕ شەونم.» | 2 |
جلەکانم داکەندووە، ئایا دەبێ دیسان لەبەری بکەمەوە؟ پێیەکانم شوشتووە، ئایا دەبێ دیسان پیسیان بکەمەوە؟ | 3 |
دڵدارەکەم لە کونی دەرگاوە دەستی درێژکرد، هەناوم بۆی ڕاچەنی. | 4 |
هەستام هەتا دەرگا لە دڵدارەکەم بکەمەوە، دەستەکانم موڕیان لێ دەچۆڕا، پەنجەکانم موڕی شل لەسەر دەسکی سورگییەکە. | 5 |
دەرگام بۆ دڵدارەکەم کردەوە، بەڵام دڵدارەکەم بایدابووەوە و ڕۆیشتبوو. گیانم بەدوای ئەودا دەرچوو، بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە. بانگم کرد، وەڵامی نەدامەوە. | 6 |
تووشی ئێشکگرەکان بووم کاتێک بەناو شاردا دەسووڕانەوە. لێیان دام و برینداریان کردم، چارۆکەکەیان لەبەر داکەندم، ئێشکگری شووراکان | 7 |
ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم، ئەگەر تووشی دڵدارەکەم بوون، ئەمەی پێ بڵێن، من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم. | 8 |
دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران، ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟ دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران، کە ئاوا سوێندت داین؟ | 9 |
دڵدارەکەم سوور و گەشاوەیە، لەناو دە هەزار کەسدا دیارە. | 10 |
سەری زێڕی بێگەردە، زولفی بەرداوەتەوە، ڕەشە وەک قەلەڕەش. | 11 |
چاوەکانی وەک کۆترن چاوەکانی وەک کۆترن لەسەر کانییەک، کۆترەکان هێندە سپین وەکو شیر، لە کەناری حەوزێک هەڵنیشتوون. | 12 |
گۆناکانی وەک باخچەی بۆندارن، بۆنیان خۆشە. لێوەکانی سەوسەنن، موڕی شلیان لێ دەتکێت. | 13 |
دەستەکانی لوولەی زێڕن، بە زەبەرجەد ڕازاونەتەوە، لەشی عاجی تاشراوە بە بەردی یاقووتی شین پێچراوەتەوە. | 14 |
قاچەکانی ستوونی مەڕمەڕن، لەسەر دوو بنکەی زێڕی بێگەرد دامەزراون. ڕوخساری وەک لوبنانە، هەڵبژاردە وەک ئورز. | 15 |
دەمی شیرینە، سەراپای خۆشەویستە. ئەمە دڵدارەکەمە، ئەو ئازیزی منە، ئەی کچانی ئۆرشەلیم! | 16 |