گۆرانی گۆرانییەکانی سلێمان. | 1 |
با بە ماچەکانی دەمی ماچم بکات، چونکە ئەوینی تۆ لە شەراب خۆشترە. | 2 |
بۆنی عەترەکەت خۆشە؛ ناوت عەتری پرژاوە، مایەی سەرسوڕمانی نییە کە پاکیزەکان تۆیان خۆشدەوێ. | 3 |
پەلم بگرە و با پێکەوە بڕۆین! با پاشا بمهێنێتە ناو ژوورەکەی خۆی. دەستەخوشکەکان شاد و دڵخۆش دەبین پێت، لە شەراب زیاتر یادی ئەوینی تۆ دەکەینەوە. ئەویندار بەڕاستی تۆیان خۆشدەوێ. | 4 |
ئەی کچانی ئۆرشەلیم، من ئەسمەرێکی جوانم، وەک ڕەشماڵەکانی قێدار، وەک نێوبەندی ڕەشماڵەکانی سلێمان. | 5 |
تەماشام مەکەن کە من ئەسمەرم، ئەوە خۆر لێیداوم. کوڕانی دایکم لە من تووڕە بوون، منیان کردە چاودێری ڕەزەمێو، لەبەر ئەوەی ناچار کرام، چاودێری ڕەزەمێوەکەم نەکرد. | 6 |
ئەی خۆشەویستی گیانم، پێم بڵێ، لەکوێ مێگەلی خۆت دەڵەوەڕێنیت، کاتی نیوەڕۆش پشتیری مەڕەکانت لەکوێیە؟ بۆچی وەک پەچەکراوێک بم، لەلای مێگەلی هاوڕێیەکانت؟ | 7 |
ئەی جوانترینی نێو ئافرەتان، ئەگەر نازانیت بە شوێن پێی مەڕاندا بڕۆ و کارەبزنەکانت بلەوەڕێنە لەلای نشینگەی شوانەکان. | 8 |
یارەکەم، بە ئەسپێک لە گالیسکەکانی فیرعەون لێکم چوواندی، | 9 |
گۆنات بە خشڵەوە جوانە، گەردنت بە گەردانەوە. | 10 |
خشڵی زێڕت بۆ دەکەین، لەگەڵ نقێمی زیو. | 11 |
هەتا پاشا لە کۆڕی خۆیەتی، ناردینی من بۆنی خۆی بڵاو دەکاتەوە. | 12 |
دڵدارەکەم چەپکێک موڕە کە لەنێو مەمکەکانم شەو بەسەردەبات. | 13 |
دڵدارەکەم هێشووی خەنەیە لەناو ڕەزەمێوەکانی کانی گەدی. | 14 |
ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت، چەند جوانیت! چاوەکانت کۆترن. | 15 |
ئەی دڵدارەکەم، تۆش چەند قۆزیت، چەند شیرینیت! جێگاکەمان سەوزە. | 16 |
کاریتەی خانووەکەمان لە داری ئورزە، تەختەدارەکانی سەروون. | 17 |