کەواتە، جولەکەکان چییان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە؟ یان سوودی خەتەنەکردن چییە؟ | 1 |
زۆر شتیان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە! پێش هەموو شتێک، وشەکانی خودایان پێ سپێردرا. | 2 |
کەواتە چی دەبێت ئەگەر هاتوو هەندێکیان بێباوەڕ بوون؟ ئایا دڵسۆز نەبوونیان دڵسۆزیی خودا پووچەڵ دەکاتەوە؟ | 3 |
نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە: [تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.] | 4 |
بەڵام ئەگەر ناڕەواییمان ڕەوایی خودا دەردەخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا زۆردارە ئەگەر تووڕەیی خۆی بەسەرماندا بڕژێنێت؟ (وەک مرۆڤ قسە دەکەم.) | 5 |
نەخێر! ئەگینا چۆن خودا جیهان حوکم دەدات؟ | 6 |
لەوانەیە یەکێک بڵێ: «ئەگەر درۆی من ڕاستی خودا بۆ شکۆی ئەو زیاتر بکات، بۆچی من هێشتا وەک گوناهبارێک تاوانبار دەکرێم؟» | 7 |
ئەی بۆ نەڵێن: «با خراپە بکەین تاکو چاکەی بەدواوە بێت،» وەک هەندێک بوختان بە دەممانەوە هەڵدەبەستن؟ ئەو کەسانە تاوانبارکردنیان دادپەروەرانەیە! | 8 |
کەواتە چی بڵێین؟ ئایا ئێمەی جولەکە لە خەڵکانی تر باشترین؟ نەخێر، چونکە ئێمە جولەکە و ناجولەکەمان تۆمەتبار کرد کە هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی گوناهن، | 9 |
وەک نووسراوە: [کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش، | 10 |
کەس نییە تێبگات، کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت. | 11 |
هەموو ڕوویان وەرگێڕا و تێکڕا بێ سوود بوون. کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە.] | 12 |
[قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە، بە زمانیان فێڵبازی دەکەن.] [ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.] | 13 |
[دەمیان پڕە لە نەفرەت و تاڵاو.] | 14 |
[پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن، | 15 |
وێرانی و دەردەسەری لەسەر ڕێگایانە | 16 |
ڕێگای ئاشتی پێنازانن.] | 17 |
[ترسی خودایان لەبەرچاو نییە.] | 18 |
ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا. | 19 |
بە کرداری شەریعەت کەس لەلای خودا بێتاوان نابێت، بەڵکو گوناه لە ڕێگەی شەریعەتەوە دەناسرێت. | 20 |
بەڵام ئێستا بەبێ شەریعەت بێتاوانکردن لەلایەن خوداوە ئاشکرا کرا، تەورات و پەیامی پێغەمبەرانیش شایەتی بۆ دەدەن. | 21 |
ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی، | 22 |
لەبەر ئەوەی هەمووان گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا دوور کەوتنەوە و | 23 |
بەخۆڕایی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کران، بەو کڕینەوەیەی کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هەیە. | 24 |
خودا مەسیحی وەک کەفارەت پێشکەش کرد، ئەگەر باوەڕ بە خوێنی ئەو بهێنین. ئەمەی بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی خۆی کرد، بۆ چاوپۆشیکردن لە گوناهەکانی ڕابردوو، بە پشوودرێژیی خودا، | 25 |
هەروەها بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی لە کاتی ئێستادا، تاکو دادپەروەر بێت و ئەوانە بێتاوان بکات کە باوەڕیان بە عیسایە. | 26 |
بۆیە لەخۆباییبوون لەکوێیە؟ نەماوە. بەپێی چ بنەمایەک؟ ئایا بەپێی بنەمای کردار؟ نەخێر، بەڵکو بەپێی بنەمای باوەڕ. | 27 |
کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت، نەک بە جێبەجێ کردنی فەرزەکانی شەریعەت. | 28 |
ئایا خودا تەنها هی جولەکەیە؟ ئەی هی نەتەوەکانی دیکەش نییە؟ بەڵێ، هی نەتەوەکانی دیکەشە، | 29 |
چونکە تەنها یەک خودا هەیە کە خەتەنەکراو بە باوەڕ بێتاوان دەکات و خەتەنە نەکراویش بەهۆی هەمان باوەڕەوە بێتاوان دەکات. | 30 |
ئایا شەریعەت بەهۆی باوەڕەوە پووچەڵ دەکەینەوە؟ نەخێر، بەڵکو شەریعەت دەچەسپێنین. | 31 |