لێرەدا دەپرسم: ئایا خودا گەلەکەی خۆی ڕەتکردەوە؟ نەخێر! منیش ئیسرائیلیم، لە نەوەی ئیبراهیم لە هۆزی بنیامین. | 1 |
خودا گەلەکەی خۆی کە پێشتر ناسیویەتی ڕەتی نەکردەوە. ئایا نازانن نووسراوە پیرۆزەکە لەبارەی ئەلیاس چی دەفەرموێ؟ چۆن لەلای خودا لە دژی ئیسرائیل دەپاڕێتەوە: | 2 |
﴿ئەی یەزدان، پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشتووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە. من بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.﴾ | 3 |
بەڵام خودا چۆن وەڵامی دایەوە؟ ﴿حەوت هەزار پیاوم بۆ خۆم هێشتووەتەوە، ئەوانەی چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە.﴾ | 4 |
لەم سەردەمەی ئێستاش، پاشماوەیەک هەیە بە نیعمەت هەڵبژێردراون. | 5 |
بەڵام ئەگەر بە نیعمەت بێت، ئیتر بە کردار نییە. ئەگینا ئیتر نیعمەت نیعمەت نییە. | 6 |
کەواتە چی؟ ئەوەی ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدا دەستی نەکەوت، بەڵکو هەڵبژێردراوان دەستیان کەوت، ئەوانی دیکەش دڵڕەق بوون، | 7 |
وەک نووسراوە: ﴿خودا ڕۆحی خەوی قووڵی داونەتێ، چاوی داونەتێ پێی نەبینن و گوێی داونەتێ پێی نەبیستن، تاکو ئەمڕۆش.﴾ | 8 |
داودیش دەڵێت: ﴿با خوانەکەیان ببێتە داو و تەڵە، کۆسپ و سزا بۆیان. | 9 |
با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن، هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.﴾ | 10 |
دیسان دەپرسم: ئایا جولەکەکان ساتمەیان کرد تاکو بکەون و هەڵنەستنەوە؟ حاشا! بەڵکو بە گوناهی ئەوان ڕزگاری بۆ نەتەوەکان هاتە کایەوە، تاکو ببێتە مایەی وروژاندنی ئیرەیی گەلی ئیسرائیل. | 11 |
جا ئەگەر گوناهی ئەوان دەوڵەمەندی بێت بۆ جیهان و دۆڕاندنیان دەوڵەمەندی بێت بۆ نەتەوەکان، ئاخۆ دەبێت گەڕانەوەیان بە تەواوەتی چ دەوڵەمەندییەک لەگەڵ خۆی بهێنێت؟ | 12 |
ئەی نەتەوەکان، قسەتان بۆ دەکەم: شانازی بە خزمەتەکەمەوە دەکەم، چونکە نێردراوم بۆ نەتەوەکان، | 13 |
تاکو ئیرەیی هاوڕەچەڵەکەکانم بجوڵێنم و هەندێکیان ڕزگار بکەم، | 14 |
چونکە ئەگەر ڕەتکردنەوەیان ئاشتبوونەوەی جیهان بێت، ئەی پەسەندکردنیان چی دەبێت، ئەگەر ژیانەوەی مردووان نەبێت؟ | 15 |
ئەگەر یەکەمین بەرهەمی هەویرەکە کە پێشکەش کرابێت پیرۆزە، ئەوا هەموو هەویرەکەش پیرۆزە. ئەگەر ڕەگەکە پیرۆز بێت، ئەوا لقەکانیش. | 16 |
بەڵام ئەگەر هەندێک لق بڕانەوە، تۆش لە دارەکە موتوربە کرایت کە زەیتوونێکی کێویت و بەمە لە ڕەگ و شیری زەیتوونەکە بەشدار بوویت، | 17 |
شانازی بەسەر لقەکانەوە مەکە. ئەگەر شانازی دەکەیت، بزانە کە تۆ ڕەگەکە هەڵناگریت، بەڵکو ئەوە هەڵتدەگرێت. | 18 |
ئیتر دەڵێی: «لقەکان بڕانەوە تاکو من موتوربە بکرێم.» | 19 |
ڕاستە. ئەوان لەبەر بێباوەڕی بڕانەوە، تۆش بە باوەڕ جێگیر بوویت. لەخۆبایی مەبە، بەڵکو بترسە، | 20 |
چونکە ئەگەر خودا بەزەیی بە لقە سروشتییەکاندا نەیەتەوە، ئەوا بەزەیی بە تۆشدا نایەتەوە. | 21 |
لەبەر ئەوە نەرمونیانی و توندی خودا لەبەرچاو بگرە: توندی بۆ ئەوانەیە کە کەوتن، بەڵام نەرمونیانی بۆ تۆیە ئەگەر لە نەرمونیانییەکەی جێگیر بیت، ئەگینا تۆش دەبڕدرێیتەوە. | 22 |
ئەوانیش ئەگەر لە بێباوەڕی جێگیر نەبن موتوربە دەکرێنەوە، چونکە خودا دەتوانێت موتوربەیان بکاتەوە. | 23 |
ئەگەر تۆ بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونێکی کێوی بڕابیتەوە و بە پێچەوانەی سروشت لە دار زەیتوونێکی چاک موتوربە کرایت، ئاخۆ چەند زیاتر ئەوانەی بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونەکەی خۆیان موتوربە دەکرێن. | 24 |
ئەی خوشک و برایان، نامەوێت ئەم نهێنییە نەزانن، نەوەک خۆتان بە دانا بزانن: کەللەڕەقی بەشێک لە ئیسرائیلی گرتەوە هەتا تەواوی نەتەوەکان بێنە ناوەوە. | 25 |
بەم شێوەیە هەموو ئیسرائیل ڕزگاری دەبێت، وەک نووسراوە: ﴿ڕزگارکەر لە سییۆنەوە دێت، خوانەناسی لە یاقوب دووردەخاتەوە. | 26 |
ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان کاتێک گوناهەکانیان دادەماڵم.﴾ | 27 |
بەگوێرەی پەیامی ئینجیل لە پێناوی ئێوەدا دوژمنن، بەڵام بەگوێرەی هەڵبژاردن لە پێناوی باوکاندا خۆشەویستن، | 28 |
چونکە بەخشینەکانی خودا و بانگکردنەکەی بێ پەشیمانییە. | 29 |
هەروەک چۆن ئێوە پێشتر گوێڕایەڵی خودا نەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی گوێڕایەڵ نەبوونی ئەوان ئێوە بەر بەزەیی کەوتن، | 30 |
ئەوانیش ئێستا گوێڕایەڵ نین، تاکو بەو بەزەییەی بۆ ئێوە بوو ئەوانیش بەر بەزەیی بکەون. | 31 |
خودا هەمووانی لە گوێڕایەڵنەبووندا بەندکرد، تاکو بەزەیی بە هەموواندا بێتەوە. (eleēsē g1653) | 32 |
ئای لە قووڵی دەوڵەمەندی و دانایی و زانیاری خودا! حوکمەکانی لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە و ڕێگاکانی لە سەرووی وردبوونەوەیە. | 33 |
﴿کێ بیری یەزدانی زانی؟ یان کێ بووە ڕاوێژکاری؟﴾ | 34 |
﴿کێ شتێکی پێ بەخشیوە تاکو پێی بدرێتەوە؟﴾ | 35 |
چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە. هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە! ئامین. (aiōn g165) | 36 |