پاشان فریشتەکە ڕووباری ئاوی ژیانی پیشاندام، پڕشنگدار وەک کریستاڵ، لە تەختی خودا و بەرخەکە و | 1 |
بە ناوەڕاستی شەقامی شارەکەدا دەڕوات. لە هەردوو ڕۆخی ڕووبارەکەدا درەختی ژیان ڕوابوو کە دوازدە جار بەرهەم دەدات، هەر مانگە و بەرهەمێک. گەڵای درەختەکەش بۆ چاکبوونەوەی نەتەوەکانە. | 2 |
ئیتر هیچ نەفرەتێک نامێنێت. تەختی خودا و بەرخەکەش لەناو شارەکەدا دەبن، بەندەکانی خزمەتی دەکەن و | 3 |
ڕووی دەبینن و ناوی لەسەر نێوچەوانیانە. | 4 |
لەوێ شەو دانایەت و پێویستییان بە چرا و ڕووناکی خۆر نابێت، چونکە یەزدانی پەروەردگار بەسەریاندا دەدرەوشێتەوە و بۆ هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکەن. (aiōn g165) | 5 |
پاشان پێی فەرمووم: «ئەم وشانە ڕاست و جێی متمانەن. خودای پەروەردگاری ڕۆحی پێغەمبەران، فریشتەکەی خۆی نارد تاکو ئەو شتانە پیشانی بەندەکانی خۆی بدات کە دەبێت زوو ڕووبدەن.» | 6 |
«ئەوەتا بە پەلە دێم! خۆزگە دەخوازرێت بەوەی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە وشە بە وشە پەیڕەو دەکات.» | 7 |
من یۆحەنام، ئەوەی کە ئەم شتانەم بینی و بیستم. کاتێک بینیم و بیستم، کەوتم بۆ ئەوەی لەبەرپێی ئەو فریشتەیە کڕنۆش ببەم کە ئەم شتانەی پیشاندەدام. | 8 |
جا پێی گوتم: «وا مەکە! منیش وەک تۆ بەندەی هاوکارتم، لەگەڵ خوشک و برا پێغەمبەرەکانت و ئەوانەی پەیامی ئەم پەڕتووکە پەیڕەو دەکەن. کڕنۆش بۆ خودا ببە!» | 9 |
هەروەها پێی گوتم: «پەیامی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە مەشارەوە، چونکە کاتەکە نزیکە. | 10 |
ئەوەی ستەمکارە با هەر ستەم بکات، ئەوەی گڵاوە با هەر گڵاو بێت، ئەوەی ڕاستودروستە با هەر کاری ڕاستودروست بکات، ئەوەی پیرۆزیشە با هەر پیرۆز بێت. | 11 |
«ئەوەتا بە پەلە دێم! پاداشتی خۆم پێیە، تاکو پاداشتی هەرکەسێک بەگوێرەی کارەکەی بدەمەوە. | 12 |
من ئەلف و یێم، یەکەمین و دواهەمینم، سەرەتا و کۆتاییم. | 13 |
«خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی جلەکانیان دەشۆن، تاکو مافیان لە درەختی ژیان هەبێت و لە دەرگاکانەوە بچنە ناو شارەکە. | 14 |
سەگەکان و جادووگەران و داوێنپیسان و بکوژان و بتپەرستان و هەموو درۆزن و ئەوانەی حەز لە درۆ دەکەن لە دەرەوە دەبن. | 15 |
«من عیسام، فریشتەکەمم نارد تاکو بەم شتانە شایەتی بۆ کڵێساکان بدەم. من لە ڕەگ و نەوەی داودم، ئەستێرەی بەیانی پڕشنگدار.» | 16 |
ڕۆحی پیرۆز و بووک دەفەرموون: «وەرە!» ئەوەی گوێی لێیە با بڵێت: «وەرە!» ئەوەی تینوویەتی با بێت، ئەوەی دەیەوێت با بەخۆڕایی ئاوی ژیان ببات. | 17 |
من هەموو ئەوانە ئاگادار دەکەمەوە کە گوێیان لە وشەکانی پێشبینیی ئەم پەڕتووکە دەبێت، هەرکەسێک وشەیەک بۆ ئەم پێشبینییانە زیاد بکات ئەوا خودا ئەو دەردانەی لەسەر زیاد دەکات کە لەم پەڕتووکەدا نووسراون. | 18 |
ئەگەر کەسێکیش وشەیەکی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە بسڕێتەوە، خودا لە درەختی ژیان و لە شارە پیرۆزەکە بێبەشی دەکات، ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە. | 19 |
شایەتی ئەمانە دەفەرموێ: «بەڵێ، بە پەلە دێم.» ئامین! وەرە، عیسای خاوەن شکۆ. | 20 |
با نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆ لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین. | 21 |