ئینجا لە پەرستگاکەوە گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو بە حەوت فریشتەکەی دەفەرموو: «بڕۆن حەوت جامەکەی تووڕەیی خودا بەسەر زەویدا بڕێژن.» | 1 |
فریشتەی یەکەم چوو و جامەکەی خۆی بەسەر زەویدا ڕژاند، جا دومەڵی پیس و ئازاربەخش لەوانە دەرکەوت کە نیشانەی دڕندەکەیان هەڵگرتبوو و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی بردبوو. | 2 |
فریشتەی دووەمیش جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر دەریا و وەک خوێنی مردووی لێهات، هەموو زیندەوەرێکی ناو دەریا مردن. | 3 |
فریشتەی سێیەم جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر ڕووبار و کانیاوەکان، بووە خوێن. | 4 |
گوێم لە فریشتەی ئاوەکان بوو دەیگوت: «تۆ دادپەروەریت، ئەی ئەوەی هەیە و هەبووە، پیرۆزەکە، چونکە ئاوا حوکمت داوە، | 5 |
چونکە ئەوانە خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی تۆیان ڕشتووە، تۆش خوێنت پێدان بیخۆنەوە، چونکە شایانی ئەوەن.» | 6 |
گوێم لە دەنگێک بوو لە قوربانگاکەوە دەیگوت: «بەڵێ ئەی خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا، حوکمەکانت ڕاست و دادپەروەرن.» | 7 |
فریشتەی چوارەم جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر خۆر و ڕێگە بە خۆر درابوو کە خەڵکی بە ئاگر بسووتێنێت. | 8 |
خەڵک بە گەرمایەکی بەتین سووتان، کفریان بە ناوی خودا کرد، ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر ئەم دەردانەدا هەیە، بەڵکو تۆبەیان نەکرد تاکو شکۆداری بکەن. | 9 |
فریشتەی پێنجەم جامەکەی ڕژاندە سەر تەختی دڕندەکە، شانشینەکەی تاریک بوو، خەڵکی شانشینەکە لەتاو ئازار زمانی خۆیان دەگەست. | 10 |
لەتاو ئازار و برینیان کفریان بە خودای ئاسمان کرد بەڵام تۆبەیان لە کردەوەکانیان نەکرد. | 11 |
فریشتەی شەشەم جامەکەی ڕژاندە سەر ڕووباری گەورەی فورات، ئیتر ئاوەکە وشکی کرد، تاکو ڕێگای پاشاکانی ڕۆژهەڵات خۆش بکات. | 12 |
ئینجا سێ ڕۆحی پیسی وەک بۆقم بینی لە دەمی ئەژدیهاکە و دەمی دڕندەکە و دەمی پێغەمبەرە درۆزنەکە دەهاتنە دەرەوە. | 13 |
ئەوانە ڕۆحی شەیتانین کە پەرجوو دەکەن، دەچنە لای پاشاکانی هەموو جیهان، تاکو لەو ڕۆژە گەورەیەی خودای هەرە بەتوانادا بۆ جەنگ کۆیان بکەنەوە. | 14 |
مەسیح دەفەرموێ: «ئەوەتا وەک دزێک دێم! خۆزگە دەخوازرێت بەوەی ئێشک دەگرێت و جلوبەرگەکانی دەپارێزێت، نەوەک ئابڕووی ببینرێت و بە ڕووتی بڕوات.» | 15 |
پاشان ڕۆحەکان لە شوێنێکدا کۆی کردنەوە کە بە عیبری پێی دەگوترێ «هارمەگیدۆن». | 16 |
فریشتەی حەوتەم جامەکەی خۆی بە هەوادا ڕژاند، دەنگێکی بەرز لە پەرستگاکە و لە تەختەکەوە هات و گوتی: «هاتە دی!» | 17 |
پاشان هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە پەیدابوو، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا، تەنانەت لەو کاتەوەی خەڵک لەسەر زەوین شتی وا ڕووی نەداوە. بوومەلەرزەکە زۆر بەهێز بوو. | 18 |
شارە گەورەکە بووە سێ بەش، شارەکانی نەتەوەکانیش کەوتن. خوداش بابلی گەورەی بەبیر هاتەوە تاکو جامی شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خۆی بداتێ. | 19 |
هەموو دوورگەکان ڕایانکرد و چیاکان نەدۆزرانەوە. | 20 |
تەرزەیەکی گەورە کە قورساییەکەی یەک تالنت دەبوو لە ئاسمانەوە بەسەر خەڵکیدا باری، لەتاو لێدانی تەرزەکە کفریان بە خودا کرد، چونکە لێدانەکەی زۆر توند بوو. | 21 |