زەبوورێک، گۆرانییەک بۆ ڕۆژی شەممە. چاکە ستایشی یەزدان بکرێت، گۆرانی گوتن بۆ ناوت، ئەی هەرەبەرز، | 1 |
بەیانییان خۆشەویستی نەگۆڕت ڕابگەیەنرێت و دڵسۆزیت بە شەوان، | 2 |
بە قیسارەی دە ژێیی، بە ئاوازی ساز. | 3 |
ئەی یەزدان، بە کردارەکانت دڵخۆشت کردووم، هەلهەلە لێدەدەم بۆ کارەکانی دەستت. | 4 |
ئەی یەزدان، کردارەکانت چەندە مەزنە! بیرکردنەوەی تۆ چەندە قووڵە! | 5 |
مرۆڤی گێل ئەمە نازانێت، نەزانیش ئەمە تێناگات: | 6 |
هەرچەندە خراپەکاران وەک گیا بگەشێنەوە و هەموو بەدکاران چرۆ بکەن، بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن. | 7 |
بەڵام ئەی یەزدان، تۆ هەمیشە بەرزیت. | 8 |
ئەی یەزدان، دوژمنانت، بێگومان دوژمنانت دەفەوتێن و هەموو بەدکاران پەرتەوازە دەبن. | 9 |
بەڵام وەک گای کێوی بەهێز بووم، بە ڕۆنی گرانبەها چەور کرام. | 10 |
بە چاوی خۆم بەزینی دوژمنانم دەبینم، گوێم لە بەزینی ئەوانە دەبێت کە بە خراپە دژم هەستاون. | 11 |
ڕاستودروستان وەک دار خورما گەشە دەکەن، وەک ئورزی لوبنان گەشە دەکەن، | 12 |
لە ماڵی یەزدان ڕواون، لە حەوشەی ماڵەکەی خودامان گەشە دەکەن. | 13 |
بە پیریش هەر بەریان دەبێت، هەمیشە تەڕ و سەوزن، | 14 |
بۆ ئەوەی ڕابگەیەنن کە یەزدان ڕاستودروستە، تاشەبەردمە و خراپە لە ئەودا نییە. | 15 |