بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مردنی کوڕەکە». زەبوورێکی داود. ئەی یەزدان، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم. | 1 |
بە تۆوە شاد و دڵخۆش دەبم، ئەی هەرەبەرز، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێم. | 2 |
کاتێک دوژمنەکانم بەرەو پاش هەڵدێن، لەبەردەمی تۆدا دەکەون و لەناودەچن، | 3 |
چونکە دادپەروەرانە دادوەریت بۆ کردووم، دادوەرێکی ڕاستودروستی لەسەر تەختی خۆت دانیشتووی. | 4 |
تۆ نەتەوەکانت سەرزەنشت کردووە و بەدکارانت لەناوبردووە، هەتاهەتایە ناویانت سڕیوەتەوە. | 5 |
دوژمنانت تووشی لەناوچوونی بێ کۆتایی کردووە، شارەکانیانت وێران کردووە، تەنانەت بیرەوەریشیان نامێنێت. | 6 |
بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت، تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە. | 7 |
بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات. | 8 |
یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە، قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا. | 9 |
ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان پشتت پێ دەبەستن، چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە. | 10 |
گۆرانی ستایش بڵێن بۆ یەزدان کە لە سییۆن نیشتەجێیە، لەنێو نەتەوەکان کردارەکانی ڕابگەیەنن، | 11 |
چونکە ئەوەی تۆڵەی خوێن دەکاتەوە یادی دەکرێتەوە، هاواری ستەملێکراوان لەبیرناکات. | 12 |
ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم! لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە، | 13 |
تاکو لەبەردەم دەروازەکانی سییۆنی کچ بە ستایشی تۆوە بدوێم، هەروەها بە ڕزگاریی تۆوە دڵخۆش بم. | 14 |
نەتەوەکان کەوتوونەتە ئەو چاڵەی کە خۆیان هەڵیانکەندبوو، پێیان بەو تۆڕەوە بووە کە نابوویانەوە. | 15 |
یەزدان بە دادپەروەری ناسراوە، بەدکاران دەکەونە داوی کردەوەی دەستی خۆیان. | 16 |
بەدکاران بەرەو جیهانی مردووان دەڕۆن، هەروەها هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن. (Sheol h7585) | 17 |
بەڵام نەداران هەتاسەر لەبیر ناکرێن، ئومێدی ستەملێکراو هەتاهەتایە لەناو ناچێت. | 18 |
ئەی یەزدان ڕاپەڕە، مەهێڵە مرۆڤ سەربکەوێت، با نەتەوەکان لەبەردەم تۆ دادگایی بکرێن. | 19 |
ئەی یەزدان، ترس بخەرە دڵیانەوە، با نەتەوەکان بزانن کە تەنها مرۆڤن. | 20 |