گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف. ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە، کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە. | 1 |
ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە، ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون. | 2 |
ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت، پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون. | 3 |
دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە، لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.» | 4 |
بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن، لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە. | 5 |
خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان، مۆئاب و هاجەرییەکان، | 6 |
جوبەیل و عەمۆن و عەمالێق، فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور. | 7 |
هەروەها ئاشوریش چووەتە پاڵیان، بوونە بازووی بەهێزی نەوەی لوت. | 8 |
هەروەک چیت لە میدیان کرد ئاوایان لێ بکە، هەروەک چیت لە سیسرا و یاڤین کرد لە ڕووباری قیشۆن، | 9 |
کە لە کانی دۆر فەوتان، بوون بە زبڵ بۆ زەوی. | 10 |
گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ لێ بکە، هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و زەلموناع، | 11 |
ئەوانەی گوتیان: «لەوەڕگاکانی خودا دەکەینە موڵکی خۆمان.» | 12 |
ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز، وەک کای دەم بایان لێ بکە. | 13 |
وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت، وەک گڕ چیا دەسووتێنێت، | 14 |
ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ، بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە. | 15 |
ئەی یەزدان، ڕوویان بە ڕیسوایی داپۆشە، تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن. | 16 |
هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانن، ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن. | 17 |
با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە، لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت! | 18 |