ئەی خودایە، نەتەوەکان هاتوونەتە ناو میراتی تۆ، پەرستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو کردووە، ئۆرشەلیمیان کردووە بە کەلاوە. | 1 |
تەرمی خزمەتکارەکانی تۆیان کردووە بە خۆراکی باڵندەی ئاسمان و گۆشتی خۆشەویستانت بۆ دڕندەی زەوی. | 2 |
لە دەوروبەری ئۆرشەلیم وەک ئاو خوێنیان ڕشتن، کەس نەبوو بیاننێژێت. | 3 |
بووین بە پەندی دراوسێکانمان، بووین بە سووکایەتی و گاڵتەجاڕی دەوروبەرمان. | 4 |
ئەی یەزدان هەتا کەی؟ ئایا هەتاسەر هەر تووڕە دەبیت؟ هەتا کەی ئیرەییت وەک ئاگر دەسووتێت؟ | 5 |
تووڕەیی خۆت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە پشت گوێت دەخەن، بەسەر ئەو شانشینانەدا بیڕێژە کە بە ناوی تۆ ناپاڕێنەوە، | 6 |
چونکە ئەوانە یاقوبیان هەڵلووشیوە، نیشتیمانیان خاپوور کردووە. | 7 |
گوناهی باپیرانی پێش خۆمان لەسەر مەژمێرە، با بەزەییت زوو پێشمان بکەوێت، چونکە ئێمە زۆر زەلیل بووین. | 8 |
ئەی خودای ڕزگارکەرمان، یارمەتیمان بدە، لەبەر شکۆی ناوی خۆت. دەربازمان بکە و لە گوناهمان خۆشبە، لە پێناوی ناوی خۆت. | 9 |
بۆچی نەتەوەکان بڵێن: «کوا خوداکەیان؟» با هەموو نەتەوەکان بزانن کە تۆ لەبەرچاوی هەموومان تۆڵەی خوێنی ڕژاوی خزمەتکارەکانی خۆت دەکەیتەوە. | 10 |
با ناڵە و هاواری دیلەکانت پێ بگات، بە گەورەیی بازووی خۆت بیانهێڵەوە ئەوانەی سزای مردنیان بەسەردا دراوە. | 11 |
ئەی پەروەردگار، حەوت ئەوەندەی ئەو سووکایەتییەی دراوسێکانمان پێیان کردی، لە باوەشیان سووکایەتییان پێ بکە. | 12 |
ئینجا ئێمەی گەلی تۆ، مەڕی لەوەڕگای تۆ، هەتاهەتایە ستایشت دەکەین، نەوە بە نەوە باسی ستایشی تۆ دەکەین. | 13 |