< زەبوورەکان 78 >

هۆنراوەیەکی ئاساف. ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم، گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم. 1
משכיל לאסף האזינה עמי תורתי הטו אזנכם לאמרי פי׃
بە نموونە دەمم دەکەمەوە، مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن ڕادەگەیەنم. 2
אפתחה במשל פי אביעה חידות מני קדם׃
ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە، ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین. 3
אשר שמענו ונדעם ואבותינו ספרו לנו׃
ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە، بەڵکو بە نەوەی داهاتوو، ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین، هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی. 4
לא נכחד מבניהם לדור אחרון מספרים תהלות יהוה ועזוזו ונפלאותיו אשר עשה׃
لەناو بنەماڵەی یاقوب شەریعەتی دامەزراند، لەناو ئیسرائیل تەورات، کە باوباپیرانی ئێمەی ڕاسپارد کە فێری منداڵانی خۆیانی بکەن، 5
ויקם עדות ביעקב ותורה שם בישראל אשר צוה את אבותינו להודיעם לבניהם׃
بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بیانزانێت، ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن، ئەوانیش هەستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بکەن. 6
למען ידעו דור אחרון בנים יולדו יקמו ויספרו לבניהם׃
ئینجا هیوایان بە خودا دەبێت، کردارەکانی خودایان لە یاد ناچێ، بەڵکو ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنن، 7
וישימו באלהים כסלם ולא ישכחו מעללי אל ומצותיו ינצרו׃
بۆ ئەوەی وەک باوباپیرانیان نەبن، نەوەیەکی یاخی و کەللەڕەق، نەوەیەک جگەرسۆز نەبوو بۆ خودا، ڕۆحیشیان دڵسۆزی ئەو نەبوو. 8
ולא יהיו כאבותם דור סורר ומרה דור לא הכין לבו ולא נאמנה את אל רוחו׃
ئەفرایمییەکان کە چەکیان تیروکەوان بوو، لە ڕۆژی جەنگدا گەڕانەوە. 9
בני אפרים נושקי רומי קשת הפכו ביום קרב׃
پەیمانی خودایان شکاند، بەپێی فێرکردنی نەجوڵانەوە. 10
לא שמרו ברית אלהים ובתורתו מאנו ללכת׃
کردارەکانی خودایان لەبیر کرد، ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە پیشانی دابوون. 11
וישכחו עלילותיו ונפלאותיו אשר הראם׃
لەبەرچاوی باوباپیرانیان پەرجووی کرد، لە خاکی میسر، لە وڵاتی چۆعەن. 12
נגד אבותם עשה פלא בארץ מצרים שדה צען׃
دەریای شەقکرد و پەڕاندنیەوە، وەک بەربەست ئاوی ڕاگرت. 13
בקע ים ויעבירם ויצב מים כמו נד׃
بە ڕۆژ بەهۆی هەورەوە ڕێبەری کردن، بە درێژایی شەویش بە ڕووناکی ئاگر. 14
וינחם בענן יומם וכל הלילה באור אש׃
لە بیابان تاشەبەردی شەقکرد و ئاوی پێدان، ئەوەندە زۆر وەک لە دەریاوە بێت. 15
יבקע צרים במדבר וישק כתהמות רבה׃
جۆگەی لەناو تاشەبەرد هەڵقوڵاند، وەک ڕووبار ئاوی بەردایەوە. 16
ויוצא נוזלים מסלע ויורד כנהרות מים׃
بەڵام بەردەوام بوون لە گوناهکردن لە دژی، لە یاخیبوون لە دژی خودای هەرەبەرز لە بیابان. 17
ויוסיפו עוד לחטא לו למרות עליון בציה׃
لە دڵی خۆیاندا خودایان تاقی کردەوە بە داواکردنی ئەو خواردنەی دڵیان پێوەی بوو. 18
וינסו אל בלבבם לשאל אכל לנפשם׃
لە دژی خودا دوان و گوتیان: «ئایا خودا دەتوانێت لە چۆڵەوانی مێزێک بڕازێنێتەوە؟ 19
וידברו באלהים אמרו היוכל אל לערך שלחן במדבר׃
ڕاستە، لە تاشەبەردەکەی دا و ئاوی لێ هێنا، جۆگەکان ئاویان لێ ڕژا! بەڵام ئایا دەتوانێت نانیش بدات و گۆشت بۆ گەلەکەی دابین بکات؟» 20
הן הכה צור ויזובו מים ונחלים ישטפו הגם לחם יוכל תת אם יכין שאר לעמו׃
کە یەزدان ئەمەی بیست زۆر تووڕە بوو، ئاگری داگیرسا لە دژی یاقوب، هەروەها تووڕەیی هەستا لە ئیسرائیل، 21
לכן שמע יהוה ויתעבר ואש נשקה ביעקב וגם אף עלה בישראל׃
چونکە بڕوایان بە خودا نەهێنا و پشتیان بە ڕزگاریی ئەو نەبەست. 22
כי לא האמינו באלהים ולא בטחו בישועתו׃
جا فەرمانی دا بە هەورەکان لە بەرزایی، دەرگای ئاسمانی کردەوە، 23
ויצו שחקים ממעל ודלתי שמים פתח׃
مەنی بەسەریاندا باراند بۆ خواردن و دانەوێڵەی ئاسمانی پێدان. 24
וימטר עליהם מן לאכל ודגן שמים נתן למו׃
مرۆڤ نانی فریشتەکانیان خوارد، ئازووقەی بۆ ناردن هەتا تێربوون. 25
לחם אבירים אכל איש צידה שלח להם לשבע׃
لە ئاسمانەوە بای ڕۆژهەڵاتی هەڵکرد، بە هێزیشی بای باشووری بەرەو پێش برد. 26
יסע קדים בשמים וינהג בעזו תימן׃
وەک خۆڵ گۆشتی بەسەریاندا باراند، وەک لمی دەریاکان پەلەوەری باڵدار. 27
וימטר עליהם כעפר שאר וכחול ימים עוף כנף׃
باراندییە ناو ئۆردوگاکەیان، لە دەوروبەری چادرەکانیان. 28
ויפל בקרב מחנהו סביב למשכנתיו׃
خواردیان و زۆر تێر بوون، ئەوەی دڵیان پێوەی بوو بۆی هێنان. 29
ויאכלו וישבעו מאד ותאותם יבא להם׃
بەڵام بەر لەوەی ئەوەی حەزیان لێی بوو بەجێی بهێڵن، هێشتا خواردنەکەیان لەناو دەم بوو، 30
לא זרו מתאותם עוד אכלם בפיהם׃
تووڕەیی خودا لێیان هەستا، هەرە بەهێزەکانی کوشتن و باشترین گەنجەکانی ئیسرائیلی خست. 31
ואף אלהים עלה בהם ויהרג במשמניהם ובחורי ישראל הכריע׃
لەگەڵ ئەمەشدا گوناهیان کردەوە، بڕوایان بە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی نەکرد. 32
בכל זאת חטאו עוד ולא האמינו בנפלאותיו׃
بە فووێک ڕۆژگاری لەناوبردن، بە تۆقاندن ساڵانیان. 33
ויכל בהבל ימיהם ושנותם בבהלה׃
هەر کاتێک لێیان بکوژێت بەدوای دەکەون، بە پەرۆشەوە دەگەڕێنەوە لای. 34
אם הרגם ודרשוהו ושבו ושחרו אל׃
بەبیریان دێتەوە کە خودا تاشەبەردیانە، خودای هەرەبەرزیشە کە دەیانکڕێتەوە. 35
ויזכרו כי אלהים צורם ואל עליון גאלם׃
بەڵام بە دەم فێڵ دەکەن، بە زمان درۆی لەگەڵ دەکەن. 36
ויפתוהו בפיהם ובלשונם יכזבו לו׃
دڵیان لەلای ناچەسپێت، دڵسۆز نین لەگەڵ پەیمانەکەی. 37
ולבם לא נכון עמו ולא נאמנו בבריתו׃
ئەویش بەزەییداره و لە گوناه خۆشدەبێت و نافەوتێنێت. زۆر جار تووڕەیی خۆی دەگێڕێتەوە، هەموو هەڵچوونی خۆی دەرنابڕێت. 38
והוא רחום יכפר עון ולא ישחית והרבה להשיב אפו ולא יעיר כל חמתו׃
بەبیری دێتەوە ئەمانە مرۆڤن، بایەکن هەڵدەکەن و ناگەڕێنەوە. 39
ויזכר כי בשר המה רוח הולך ולא ישוב׃
چەند جار لە چۆڵەوانی لێی یاخیبوون، لە بیابان دڵتەنگیان کرد. 40
כמה ימרוהו במדבר יעציבוהו בישימון׃
جار لەدوای جار خودایان تاقی کردەوە، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان تووڕە کرد. 41
וישובו וינסו אל וקדוש ישראל התוו׃
دەستی ئەویان لەبیرچوو، ئەو ڕۆژەی ئەوانی لە دوژمن کڕییەوە. 42
לא זכרו את ידו יום אשר פדם מני צר׃
ئەو ڕۆژەی لە میسر نیشانەی پیشاندا، لە وڵاتی چۆعەن پەرجووی کرد. 43
אשר שם במצרים אתותיו ומופתיו בשדה צען׃
ڕووبار و جۆگەکانیانی گۆڕی بۆ خوێن، بۆ ئەوەی نەخۆنەوە. 44
ויהפך לדם יאריהם ונזליהם בל ישתיון׃
مێشومەگەزی نارد پێوەیان دان، بۆقی نارد بۆگەنیان کردن. 45
ישלח בהם ערב ויאכלם וצפרדע ותשחיתם׃
بەروبوومی ئەوانی دا بە سن، بەری ماندووبوونیان بە کوللە. 46
ויתן לחסיל יבולם ויגיעם לארבה׃
بە تەرزە ڕەزەمێوەکانی کوتان و بە زوقم دار هەنجیرەکانی وشککردن. 47
יהרג בברד גפנם ושקמותם בחנמל׃
گاوگۆتاڵی ئەوانی خستنە بەر تەرزە و ئاژەڵی ماڵی دانە بەر بروسکە. 48
ויסגר לברד בעירם ומקניהם לרשפים׃
گڕی هەڵچوونی خۆی ڕژاندە سەریان، تووڕەیی و تۆڵە و بەڵا، بە فریشتەی لەناوبەر ناردی. 49
ישלח בם חרון אפו עברה וזעם וצרה משלחת מלאכי רעים׃
ڕێگای بۆ تووڕەیی خۆی خۆشکرد، مردنی لێ نەگێڕانەوە، ژیانیانی تووشی دەرد کرد. 50
יפלס נתיב לאפו לא חשך ממות נפשם וחיתם לדבר הסגיר׃
لە هەموو نۆبەرەکانی میسری دا، یەکەمین بەرهەمی پیاوەتی وڵاتی حام. 51
ויך כל בכור במצרים ראשית אונים באהלי חם׃
ئینجا وەک مەڕ گەلەکەی بەپێشدا، وەک ڕان لە چۆڵەوانی ڕابەرایەتی کردن. 52
ויסע כצאן עמו וינהגם כעדר במדבר׃
بە ئاسوودەیی ڕێنمایی کردن، ئیتر بێ ترس بوون، بەڵام دەریا دوژمنەکانی داپۆشین. 53
וינחם לבטח ולא פחדו ואת אויביהם כסה הים׃
بردنی بۆ سنووری خاکی پیرۆز، ئەو چیایەی بە دەستی ڕاستی بەدەستیهێنا. 54
ויביאם אל גבול קדשו הר זה קנתה ימינו׃
نەتەوەکانی لەبەردەم دەرکردن، میراتی بە گوریس بۆ دابەش کردن، هۆزەکانی ئیسرائیلی لە خێوەتەکانیان نیشتەجێ کرد. 55
ויגרש מפניהם גוים ויפילם בחבל נחלה וישכן באהליהם שבטי ישראל׃
بەڵام خودای هەرەبەرزیان تاقی کردەوە و یاخی بوون، یاساکانی ئەویان پەیڕەو نەکرد. 56
וינסו וימרו את אלהים עליון ועדותיו לא שמרו׃
هەڵگەڕانەوە و فێڵبازییان کرد، وەک باپیرانیان لەڕێ لایاندا، وەک کەوانێکی ناڕێک. 57
ויסגו ויבגדו כאבותם נהפכו כקשת רמיה׃
بە نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکان پەستیان کرد، بە بتەکانیان ئیرەیی ئەویان جۆشاند. 58
ויכעיסוהו בבמותם ובפסיליהם יקניאוהו׃
خودا ئەمەی بیست، پڕ تووڕەیی بوو، بە تەواوی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە. 59
שמע אלהים ויתעבר וימאס מאד בישראל׃
چادری پەرستنی شیلۆی بەجێهێشت، ئەو چادرەی لەناو مرۆڤ هەڵیدابوو. 60
ויטש משכן שלו אהל שכן באדם׃
سندوقی پەیمانی خۆی دایە دەست، هێمای هێز و شکۆی خۆی دایە دەست ناحەزەکانی. 61
ויתן לשבי עזו ותפארתו ביד צר׃
گەلی خۆی خستە بەردەمی شمشێر، لە میراتەکەی تووڕە بوو. 62
ויסגר לחרב עמו ובנחלתו התעבר׃
گەنجەکانیان ئاگر هەڵیلووشین، کچەکانیان هەلهەلەیان لێ نەدا. 63
בחוריו אכלה אש ובתולתיו לא הוללו׃
کاهینەکانیان بە شمشێر کەوتن، بێوەژنەکانیان شیوەنیان نەگێڕا. 64
כהניו בחרב נפלו ואלמנתיו לא תבכינה׃
ئەوسا پەروەردگار هەستا وەک ئەو کەسەی لە خەو بەئاگا دێتەوە، وەک ئەو پاڵەوانەی لە سەرخۆشی بەهۆش دێتەوە. 65
ויקץ כישן אדני כגבור מתרונן מיין׃
لە دوژمنەکانی دا بۆ دواوە، کردنی بە ڕیسوایی هەمیشەیی. 66
ויך צריו אחור חרפת עולם נתן למו׃
خێوەتەکانی یوسفی ڕەتکردەوە، هۆزی ئەفرایمی هەڵنەبژارد، 67
וימאס באהל יוסף ובשבט אפרים לא בחר׃
بەڵکو هۆزی یەهودای هەڵبژارد، کێوی سییۆن کە خۆشی دەوێت. 68
ויבחר את שבט יהודה את הר ציון אשר אהב׃
وەک بەرزاییەکان پیرۆزگای خۆی بنیاد نا، وەک زەوی هەتاهەتایە چەسپاندی. 69
ויבן כמו רמים מקדשו כארץ יסדה לעולם׃
داودی بە خزمەتکاری خۆی هەڵبژارد و لەناو پشتیری مەڕ دەریهێنا. 70
ויבחר בדוד עבדו ויקחהו ממכלאת צאן׃
لەدوای مەڕە شیردەرەکانەوە هێنای، بۆ ئەوەی ببێتە شوانی یاقوبی گەلی خۆی، ئیسرائیلی میراتگری خۆی. 71
מאחר עלות הביאו לרעות ביעקב עמו ובישראל נחלתו׃
داودیش بە دڵپاکییەوە شوانایەتی کردن، بە دەستێکی کارامە ئاراستەی کردن. 72
וירעם כתם לבבו ובתבונות כפיו ינחם׃

< زەبوورەکان 78 >