بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێری ژێدار. زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک. لە یەهودا خودا ناسراوە، لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە! | 1 |
کەپری لە شالیمە، هەواری لە سییۆنە. | 2 |
لەوێ تیرە گڕدارەکان و قەڵغان و شمشێر و جەنگەکانی تێکشکاند. | 3 |
تۆ ڕەوشەنی، لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری. | 4 |
قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو، دوایین خەوی خۆیان نوستن، هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە. | 5 |
ئەی خودای یاقوب، بە سەرزەنشتی تۆ، ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە! | 6 |
تۆ خۆت بەسامیت! لە کاتی تووڕەییت، کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟ | 7 |
لە ئاسمان حوکمت بیسترا، زەوی ترسا و کپ بوو، | 8 |
بە هەستانی خودا بۆ دادوەری، بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی. | 9 |
بێگومان تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات، خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە. | 10 |
نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن. ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان، دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن. | 11 |
ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت، سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی. | 12 |