بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک. ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە، نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین. | 1 |
ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت، هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت. | 2 |
کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو، تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد. | 3 |
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین! تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت، لە پەرستگای پیرۆزی تۆ. | 4 |
بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە، ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن، | 5 |
کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە، بە توانا خۆتت چەکدار کردووە، | 6 |
کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە، هەڵچوونی شەپۆلەکانیان، هەروەها ئاژاوەی گەلان. | 7 |
ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەترسن. لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران، گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت. | 8 |
بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت، زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت، جۆگەکانی خودا پڕ ئاون، دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت، چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە. | 9 |
هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و تەخت و ڕێکیان دەکەیت، بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت. | 10 |
بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت. | 11 |
لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن، ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە. | 12 |
مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن، دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان، لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن. | 13 |