بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە، کاتێک شاول پیاوی نارد بۆ ئەوەی چاودێری ماڵی داود بکەن و بیکوژن. ئەی خودای من، فریام بکەوە لە دەست دوژمنەکانم، بمپارێزە لە بەرهەڵستکارانم. | 1 |
فریام بکەوە لە دەست خراپەکاران، ڕزگارم بکە لە دەست خوێنڕێژان. | 2 |
ببینە چۆن خۆیان بۆم مات داوە! ئەی یەزدان، زۆرداران گەمارۆیان داوم، بەبێ ئەوەی تاوان و گوناهم کردبێ. | 3 |
هەرچەندە هەڵەم نەکردووە، ئامادەن بۆ پەلاماردانم. ڕاپەڕە بۆ فریاکەوتنم، بڕوانە گرفتەکەم! | 4 |
تۆ ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، هەستە بۆ سزادانی هەموو نەتەوەکان، لەگەڵ خیانەتکارە بەدکارەکان میهرەبان مەبە. | 5 |
دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە، وەک سەگ دەمڕێنن و بەناو شاردا دەسووڕێنەوە. | 6 |
ئەوەتا تاڵاو لە دەمیانە و شمشێر لە لێویانە، دەڵێن: «کێ گوێی لێمان دەبێت؟» | 7 |
بەڵام تۆ ئەی یەزدان، پێیان پێدەکەنیت، گاڵتە بە هەموو نەتەوەکان دەکەیت. | 8 |
ئەی هێزی من، چاوەڕێی تۆ دەکەم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت. | 9 |
خودا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دێتە لام، سەرکەوتنم نیشان دەدات بەسەر دوژمنەکانم. | 10 |
ئەی پەروەردگار، قەڵغانی ئێمە، مەیانکوژە، ئەگینا گەلی من لەبیریان دەچێت. بە هێزی خۆت دەربەدەریان بکە و بەریان بدەوە. | 11 |
لەبەر گوناهەکانی دەمیان، لەبەر وتەکانی لێویان، با گرفتاری لووتبەرزی خۆیان بن. لەبەر ئەو درۆ و نەفرەتانەی کردوویانە، | 12 |
لە تووڕەییدا بیانفەوتێنە، بیانفەوتێنە هەتا نەمێنن. ئەوسا دەزانن کە خودا فەرمانڕەوایەتی یاقوب دەکات، هەتا ئەوپەڕی زەوی. | 13 |
دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە، وەک سەگ دەمڕێنن و بەناو شاردا دەسووڕێنەوە. | 14 |
بەدوای خواردندا وێڵ دەبن، دەوەڕن ئەگەر تێر نەبن. | 15 |
بەڵام من سروود بەسەر هێزی تۆدا دەڵێم، بەیانییان گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتدا دەڵێم، چونکە تۆ قەڵای منیت، لە ڕۆژی تەنگانەدا پەناگای منیت. | 16 |
ئەی هێزی من، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆتم بۆ دەردەخەی. | 17 |