بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داود. ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟ ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟ | 1 |
بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن، هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات. | 2 |
بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان، لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن. | 3 |
ژەهریان وەک ژەهری مارە، وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە، | 4 |
کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت، هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن. | 5 |
ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە، ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە! | 6 |
با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن، با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن. | 7 |
وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات، وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن. | 8 |
پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن، چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت. | 9 |
کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت، پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا. | 10 |
ئینجا خەڵکی دەڵێن: «بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە، بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.» | 11 |