< زەبوورەکان 30 >

زەبوورێکی داود. گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا. ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم، چونکە هەڵتکێشام و نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن. 1
ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا، تۆش چاکت کردمەوە. 2
ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە، منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ. (Sheol h7585) 3
ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن، 4
چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە، بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە. ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت، بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت. 5
کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم: «هەرگیز نالەقێم.» 6
ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت، منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند، بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە، پەرێشان بووم. 7
ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا، من لە پەروەردگار پاڕامەوە: 8
«مەرگی من سوودی چی تێدایە، ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟ ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟ ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟ 9
ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە! ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!» 10
تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی، جلوبەرگی گوشت لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم، 11
بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت. ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم. 12

< زەبوورەکان 30 >