ڕۆڵە، سەرنج بدە داناییم، گوێ بۆ تێگەیشتنم شل بکە، | 1 |
تاکو سەلیقەت بپارێزیت و لێوەکانت ئاگایان لە زانیاری بێت، | 2 |
چونکە لێوەکانی ژنی داوێنپیس هەنگوینیان لێ دەتکێت، قسەی لە ڕۆن لووسترە. | 3 |
بەڵام کۆتاییەکەی وەک زەقنەبووت تاڵە، وەک شمشێری دوو دەم تیژە. | 4 |
پێیەکانی بەرەو خوار دەبنەوە بۆ مردن، هەنگاوەکانی پەیوەستن بە جیهانی مردووانەوە. (Sheol h7585) | 5 |
سەرنج ناداتە ڕێچکەی ژیان، هەنگاوەکانی خوارە بەڵام ئەو نازانێت. | 6 |
ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، لە قسەی دەمم خۆتان لامەدەن. | 7 |
ڕێگای خۆتی لێ دووربخەوە، لە دەرگای ماڵەکەی نزیک مەبەوە، | 8 |
نەوەک شکۆمەندیت بە خەڵکی دیکە بدەیت و ساڵانی تەمەنت بە کەسی دڵڕەق، | 9 |
نەوەک بێگانەکان لە توانات تێر بن و بەری ماندووبوونت بۆ ماڵی نامۆیەک بڕوات. | 10 |
لە کۆتایی ژیانتدا دەناڵێنیت، کاتێک گۆشت و جەستەت لەناودەچێت. | 11 |
دەڵێیت: «چۆن ڕقم لە تەمبێکردن دەبووەوە، دڵم گاڵتەی بە سەرزەنشت دەهات. | 12 |
گوێڕایەڵی ئەوانە نەبووم کە ڕێنماییان دەکردم و گوێم بۆ مامۆستاکانم شل نەکرد. | 13 |
کەمێکی مابوو بکەومە ناو هەموو خراپەیەکەوە، لەناو کۆڕ و کۆمەڵدا.» | 14 |
لە ئەمباراوی خۆت ئاو بخۆوە، لە ئاوی هەڵقوڵاوی بیرەکەت. | 15 |
ئایا کانییەکانت بڕژێتە سەر شەقامەکان، جۆگەی ئاو بێت لە گۆڕەپانەکان؟ | 16 |
با تەنها بۆ تۆ بێت، بێگانەت لەگەڵدا نەبێت. | 17 |
با کانیاوەکەت بەرەکەتدار بێت، بە هاوسەری گەنجییەتیت دڵخۆش بە. | 18 |
ئاسکێکی خۆشەویست و مامزێکی شۆخ و شەنگ، با هەموو کاتێک مەمکەکانی تێرت بکەن، بە خۆشەویستی ئەو هەمیشە وێڵ بیت. | 19 |
کوڕی خۆم، ئیتر بۆچی وێڵی ژنی بەدڕەوشت دەبیت؟ بۆچی ژنی داوێنپیس لە باوەش دەگریت؟ | 20 |
ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی یەزدانە، هەموو ڕێڕەوەکانی هەڵدەسەنگێنێت. | 21 |
بەدکار بە تاوانەکانی خۆیەوە پێوەبوو، بە داوی گوناهەکانی خۆیەوە دەبێت. | 22 |
لەبەر نەبوونی تەمبێکردن دەمرێت، لەبەر زۆری دەبەنگییەکەی سەرگەردان دەبێت. | 23 |