قسەی لەموئێلی پاشا، ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد: | 1 |
گوێ بگرە ڕۆڵە! گوێ بگرە، ڕۆڵەی هەناوم! گوێ بگرە ڕۆڵە، ڕۆڵەی نەزرەکانم! | 2 |
هێزت مەدە ژنان، ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان. | 3 |
ئەی لەموئێل، بۆ پاشایان نییە، بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن، بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن، | 4 |
نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن، مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن. | 5 |
ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت، شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە. | 6 |
با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات، ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد. | 7 |
بەرگری لە مافی ئەو کەسانە بکە کە ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن، بۆ مافی هەموو دەربەدەران. | 8 |
دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە، پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە. | 9 |
کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟ نرخی لە یاقووت گرانترە. | 10 |
مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و لە هیچی کەم نابێت. | 11 |
ژنەکە بە درێژایی ژیانی چاکە دێنێتە سەر ڕێی نەک خراپە. | 12 |
خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت، بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات. | 13 |
وەک کەشتی بازرگان وایە، خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت. | 14 |
هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت، خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات. | 15 |
لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت، بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت. | 16 |
ناوقەدی توند دەبەستێت و بازووی لێ هەڵدەکات. | 17 |
دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە، بە شەو چرای ناکوژێتەوە. | 18 |
خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و تەشی لەناو لەپیدایە. | 19 |
دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و دەست درێژ دەکات بۆ نەداران. | 20 |
ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر، چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان لەبەردایە. | 21 |
چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات، کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات. | 22 |
مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە، لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت. | 23 |
ژنەکە کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت، پشتێن بۆ بازرگانان دابین دەکات. | 24 |
هێز و ڕێز بەرگی ئەون، پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئایندە. | 25 |
دەمی بە دانایی دەکاتەوە و فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی. | 26 |
چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات، نانی تەمبەڵی ناخوات. | 27 |
منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن، مێردەکەشی ستایشی دەکات: | 28 |
«زۆر ژن خانەدان بوونە، بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.» | 29 |
شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە، بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت. | 30 |
ڕەنجی شانی خۆی پێ بدەن و با کردەوەکانی لەبەر دەروازەکانی شاردا ستایشی بکەن. | 31 |