ئەمانەش هەر پەندی سلێمانن کە پیاوەکانی حەزقیای پاشای یەهودا نووسیویانەتەوە: | 1 |
شکۆمەندیی خودا لە شاردنەوەی بابەتدایە، شکۆمەندیی پاشایانیش لە لێکۆڵینەوەی بابەتدایە. | 2 |
هەروەک ئاسمان بۆ بەرزییە و زەوی بۆ قووڵییە، دڵی پاشایانیش ناپشکنرێت. | 3 |
خڵت لە زیو داماڵە، ئەو کاتە دەتوانرێت کەرەستەی لێ دروستبکرێت. | 4 |
بەدکار لەبەردەم پاشا داماڵە، بە ڕاستودروستی تەختەکەی دەچەسپێت. | 5 |
لەبەردەم پاشا خۆت بەرز مەکەرەوە، لە شوێنی گەورە پیاوان ڕامەوەستە. | 6 |
وا چاکترە پێت بگوترێت: «سەربکەوە بۆ ئێرە،» نەک لەلای میر تەریق بیتەوە. ئەوەی بە چاوی خۆت بینیت، | 7 |
خێرا مەیبە بۆ دادگا، چونکە لە کۆتاییەکەی چی دەکەیت ئەگەر دراوسێکەت شەرمەزاری کردیت؟ | 8 |
کە باسی کێشەکەت دەکەیت لەگەڵ دراوسێکەت، نهێنی خەڵکی دیکە مەدرکێنە، | 9 |
نەوەک گوێگرێک شەرمەزارت بکات، جا ناوە زڕاوەکەت لێ نابێتەوە. | 10 |
سێوێکی زێڕە و لە زیو گیراوە، ئەو قسەیەی لە کاتی خۆیدا دەکرێت. | 11 |
وەک گوارەی زێڕە و خشڵی زێڕی بێگەردە، سەرزەنشتی دانا بۆ گوێی بیسەر. | 12 |
وەک ساردی بەفرە لە ڕۆژی دروێنەدا، نوێنەری دەستپاک بۆ ئەوانەی دەینێرن، دڵی گەورەکانی فێنک دەکاتەوە. | 13 |
هەور و بای بێ بارانە، ئەوەی شانازی بە دیاری بکات و نەیبەخشێت. | 14 |
بە نەسرەوتن فەرمانڕەوا قایل دەکرێت، زمانی نەرمیش ئێسک دەشکێنێت. | 15 |
ئەگەر هەنگوینت دۆزییەوە بەگوێرەی پێویست بیخۆ، ئەگینا پڕ دەبیت و دەیڕشێنیتەوە. | 16 |
بە کەمی پێت لە ماڵی دراوسێکەت دابنێ، ئەگینا لێت تێر دەبێت و ڕقی لێت دەبێتەوە. | 17 |
وەک کوتەک و شمشێر و تیری تیژە، ئەوەی شایەتی درۆ لەسەر دراوسێکەی بدات. | 18 |
وەک ددانی کلۆر و قاچی لەجێ چووە، پشتبەستن بە ناپاک لە ڕۆژی تەنگانەدا. | 19 |
وەک داکەندنی بەرگ لە ڕۆژی سەرمادا، یان سرکەیە بەسەر سۆدەدا، چڕینی گۆرانی بۆ دڵتەنگ. | 20 |
ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی دەرخوارد بدە، ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ. | 21 |
بەمە پشکۆ لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت، یەزدانیش پاداشتت دەداتەوە. | 22 |
بای باکوور باران دەهێنێت، زمانی پاشملەش ڕووی گرژ. | 23 |
باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت، نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی. | 24 |
وەک ئاوی ساردە بۆ گیانێکی شەکەت، هەواڵی خۆش لە وڵاتێکی دوور. | 25 |
وەک کانییەکی لێڵ و بیرێکی بۆگەنە، ئەو کەسە ڕاستودروستەی لەبەردەم بەدکار کۆڵ دەدات. | 26 |
زۆر خواردنی هەنگوین باش نییە، ڕێزدار نابێت ئەوەی داوای ڕێزلێنان بۆ خۆی دەکات. | 27 |
وەک شارێکی ڕووخاوی بێ شوورایە، ئەو پیاوەی بەسەر خۆیدا زاڵ نەبێت. | 28 |