ئیرەیی بە پیاوخراپان مەبە، ئارەزوو مەکە لەگەڵیاندا بیت، | 1 |
چونکە دڵیان پیلانی زۆرداری دەکێشێت و لێوەکانیان باسی گرفتنانەوە دەکەن. | 2 |
بە دانایی ماڵ بنیاد دەنرێت، بە تێگەیشتنیش دەچەسپێت، | 3 |
بە زانیاریش ژوورەکان پڕ دەبن لە هەموو گەنجینەیەکی بە نرخ و جوان. | 4 |
پیاوی دانا بەتوانایە، کەسی زانا هێزی زیاد دەبێت. | 5 |
بێگومان بە ڕاوێژەوە شەڕ دەکەیت، سەرکەوتنیش بە زۆری ئامۆژگارانە. | 6 |
دانایی بەرزە بۆ گێل، لە کۆڕی ناو دەروازەدا دەمی لێک ناکاتەوە. | 7 |
ئەوەی بیر لە خراپە بکاتەوە، بە تەڵەکەباز ناودەبردرێت. | 8 |
پیلانی گێلایەتی گوناهە، خەڵک قێزیان لە گاڵتەجاڕە. | 9 |
ئەگەر ورە بەردەیت لە ڕۆژی تەنگانە، بێ هێزیت! | 10 |
ئەوانە دەرباز بکە کە بۆ مردن دەبردرێن و لەوانەی بۆ سەربڕین پاڵخراون، کەمتەرخەم مەبە. | 11 |
ئەگەر بڵێی: «ئەوەتا ئەمەم نەزانیوە،» ئایا هەڵسەنگێنەری دڵەکان تێناگات؟ ئەوەی گیانت دەپارێزێت ئایا نازانێت؟ ئایا سزای مرۆڤ بەپێی کردەوەکانی ناداتەوە؟ | 12 |
ڕۆڵە، هەنگوین بخۆ، چونکە باشە و شیلەی هەنگوین لە گەرووت شیرینە، | 13 |
هەروەها بزانە دانایی بۆ گیانت بەم جۆرەیە. ئەگەر دانایی بدۆزیتەوە دواڕۆژت دەبێت و ئومێدبڕ نابیت. | 14 |
وەک خراپەکار خۆت مەڵاس مەدە بۆ ماڵی کەسی ڕاستودروست، هەڵمەکوتە سەر جێی حەسانەوەی، | 15 |
چونکە کەسی ڕاستودروست حەوت جار دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە، بەڵام کارەسات بەدکاران تێکدەشکێنێت. | 16 |
بە ساتمەکردنی دوژمنت شاد مەبە، بە کەوتنیشی دڵت خۆش نەبێت، | 17 |
نەوەک یەزدان ببینێت و بەلایەوە خراپ بێت، جا تووڕەیی خۆی لێ بگێڕێتەوە. | 18 |
مەراق لە خراپەکاران مەخۆ، ئیرەیی بە بەدکاران مەبە، | 19 |
چونکە خراپەکار دواڕۆژی نابێت و چرای بەدکاران دەکوژێتەوە. | 20 |
ڕۆڵە، لە یەزدان و پاشا بترسە، تێکەڵی یاخیبووەکان مەبە، | 21 |
چونکە بەڵایان لەپڕ دێت، بەڵای هەردووکیان کێ دەیزانێت؟ | 22 |
هەروەها ئەمەش قسەی دانایانە: لایەنگریکردن لە دادوەری باش نییە. | 23 |
ئەوەی بە بەدکار بڵێت: «تۆ بێتاوانی،» گەلان نەفرەتی لێ دەکەن و نەتەوەکان تاوانباری دەکەن. | 24 |
بەڵام ئەوانەی بەدکار تاوانبار دەکەن دەکەونە خۆشی و بەرەکەتی باشیان بەسەردا دەڕژێت. | 25 |
وەڵامی ڕاست وەک ماچی لێوە. | 26 |
کاروباری خۆت لە دەرەوە ڕاپەڕێنە و لە کێڵگەکەت ئامادەی بکە، دوای ئەمە ماڵی خۆت بنیاد بنێ. | 27 |
بەبێ هۆ لە دژی دراوسێکەت شایەتی مەدە، بە لێوەکانت فێڵ مەکە. | 28 |
مەڵێ: «چی لێکردووم، ئاوای لێ دەکەم، سزای ئەو پیاوە بەپێی کردەوەکەی دەدەمەوە.» | 29 |
بەلای کێڵگەی پیاوی تەمبەڵ تێپەڕیم، بەلای ڕەزەمێوی کەسی تێنەگەیشتووش. | 30 |
چقڵ هەمووی داگرتبوو، گەزگەزکە هەمووی داپۆشی بوو، کەڵەکە بەردەکانی ڕووخابوو. | 31 |
تەماشام کرد و لە دڵی خۆمدا لێکم دایەوە، بینیم و وانەم لێ وەرگرت: | 32 |
کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون، کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان، | 33 |
ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت، نەبوونیشت وەک چەکدار. | 34 |