ناوبانگی چاک لە دەوڵەمەندی گەورە خوازراوترە، ڕێزیش لە زێڕ و زیو باشترە. | 1 |
دەوڵەمەند و هەژار لەمەدا یەکدەگرنەوە، دروستکەری هەردووکیان یەزدانە. | 2 |
ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە، بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ. | 3 |
پاداشتی بێفیزی و لەخواترسی دەوڵەمەندی و ڕێزداری و ژیانە. | 4 |
چقڵ و تەڵە لە ڕێگای پیاوی خواردایە، بەڵام ئەوەی خۆی بپارێزێت لێی دوور دەکەوێتەوە. | 5 |
منداڵ لەسەر ئەو ڕێگایە ڕابهێنە کە پێویستە بیگرێت، پیریش بێت لێی لا نادات. | 6 |
دەوڵەمەند بەسەر هەژاردا حوکم دەکات، قەرزاریش کۆیلەی خاوەن قەرزە. | 7 |
ئەوەی ناڕەوایی بچێنێت دروێنەی خراپە دەکات، کوتەکی تووڕەییشی دەفەوتێت. | 8 |
ئەوەی چاوتێر بێت بەرەکەتدار دەبێت، چونکە لە نانی خۆی دەداتە هەژار. | 9 |
گاڵتەجاڕ دەربکە، ناکۆکی دەڕوات، دووبەرەکی و ڕیسواییش نامێنێت. | 10 |
ئەوەی حەزی لە دڵپاکی بێت و قسەی شیرین بێت، پاشا دەبێتە دۆستی. | 11 |
چاوی یەزدان چاودێری زانیاری دەکات، بەڵام قسەی ناپاکان سەرەوژێر دەکات. | 12 |
تەمبەڵ دەڵێت: «شێرێک لە دەرەوەیە! ئەگەر بچمە گۆڕەپانەکان دەکوژرێم!» | 13 |
دەمی ژنی بەدڕەوشت چاڵێکی قووڵە، ئەوەی بەر تووڕەیی یەزدان بکەوێت دەکەوێتە ناوی. | 14 |
گێلی بە دڵی منداڵەوە گرێدراوە، بەڵام گۆچانی تەمبێکردن دووری دەخاتەوە لێی. | 15 |
ئەوەی زۆرداری لە هەژار بکات بۆ ئەوەی بۆ خۆی زیاد بکات و ئەوەی بە دەوڵەمەند ببەخشێت، بێگومان هەردووکیان بەرەو نەبوونییە. | 16 |
گوێ شل بکە و قسەی دانایان ببیستە، دڵت بدە زانیاری من، | 17 |
چونکە جوانە ئەگەر لە ناختدا هەڵیبگریت و تێکڕا لەسەر لێوەکانت بچەسپێن. | 18 |
بۆ ئەوەی پشتبەستنت بە یەزدان بێت، ئەمڕۆ تۆ فێر دەکەم، بەڵێ تۆ. | 19 |
ئایا سی پەندم بۆ نەنووسیوی سەبارەت بە ڕاوێژ و زانیاری، | 20 |
بۆ ئەوەی دروستی قسەی ڕاستیت فێر بکەم، هەتا وەڵامە ڕاستییەکان بدەیتەوە ئەوانەی کە تۆیان ناردووە؟ | 21 |
هەژار تاڵان مەکە لەبەر هەژارییەکەی و نەبوون وردوخاش مەکە لە دادگا، | 22 |
چونکە یەزدان بەرگری لە کێشەکەیان دەکات و ئەوانەی تاڵانیان دەکەن گیانیان تاڵان دەکات. | 23 |
مەبە برادەری کەسی تووڕە، هاوڕێیەتی کەسی هەڵچوو مەکە، | 24 |
نەوەک لە ڕێچکەی ئەوان ڕابێیت، خۆت تووشی تەڵە بکەیت. | 25 |
لەوانە مەبە کە تەوقە دەکەن، دەستەبەری قەرزی خەڵک مەکە. | 26 |
ئەگەر نەتبوو بیدەیتەوە، بۆچی نوێنەکەی ژێرت ببردرێت. | 27 |
سنووری کۆن مەگوازەوە، ئەوەی باوباپیرانت دایانناوە. | 28 |
ئایا ئەو کەسەت بینیوە بە دەستوبردە لە کارەکەی؟ لەبەردەم پاشاکان ڕادەوەستێت، نەک لەبەردەم خەڵکی بێ ناوبانگ. | 29 |