شەراب گاڵتەجاڕە و مەستی غەڵبەغەڵب دەکات، ئەوەی پێی وێڵ بێت دانا نییە. | 1 |
هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە، ئەوەی تووڕەیی بکات لە دژی گیانی خۆی تاوان دەکات. | 2 |
وازهێنان لە ناکۆکی ڕێزدارییە بۆ پیاو، بەڵام هەموو گێلێک هەڵیدەگیرسێنێت. | 3 |
لە زستاندا تەمبەڵ زەوی ناکێڵێت، بۆیە لە کاتی دروێنەدا داوای بەرهەم دەکات و دەستی ناکەوێت. | 4 |
پلان لە دڵی مرۆڤدا ئاوێکی قووڵە، بەڵام تێگەیشتوو دەریدەهێنێت. | 5 |
زۆر کەس بانگەشەی خۆشەویستی نەگۆڕ دەکەن، بەڵام کەسی جێگای متمانە کێ دەیدۆزێتەوە؟ | 6 |
کەسی ڕاستودروست بە ڕێگای تەواوی خۆیدا دەڕوات، دوای خۆی خۆزگە بە منداڵەکانی دەخوازرێت. | 7 |
پاشای دانیشتوو لەسەر تەختی دادوەری، بە چاوەکانی هەموو خراپەیەک شەن دەکات. | 8 |
کێیە دەڵێت: «دڵی خۆمم بێگەرد ڕاگرت، پاک بوومەوە لە گوناهم»؟ | 9 |
دوو کێش و دوو پێوانەی لاسەنگ، هەردووکیان قێزەونن لەلای یەزدان. | 10 |
تەنانەت منداڵیش بە کردارەکانی دەناسرێت، ئاخۆ کردەوەکەی پاک و ڕاستە. | 11 |
گوێ کە دەبیستێت و چاو کە دەبینێت، یەزدان دروستکەری هەردووکیانە. | 12 |
حەز لە خەو مەکە نەوەک هەژار بیت، چاوت کراوە بێت و تێر نان بە. | 13 |
کڕیار دەڵێت: «خراپە، خراپە!» بەڵام کە ڕۆیشت شانازی پێوە دەکات. | 14 |
زێڕ هەیە و یاقووت زۆرە، بەڵام لێوی زانیاری گەوهەرێکی بەهادارە. | 15 |
ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە، بۆ بێگانەیەکیش بارمتەی لێ وەربگرە. | 16 |
بەتامە بۆ مرۆڤ نانی بە فێڵ، بەڵام دواتر دەمی پڕ دەبێت لە چەو. | 17 |
پلانەکان بە ئامۆژگاری دێنە دی، بە ڕاوێژ بجەنگە. | 18 |
دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات، بۆیە تێکەڵی چەنەباز مەبە. | 19 |
ئەوەی نەفرەت لە دایک و باوکی بکات، لەناو جەرگەی تاریکیدا چرای دەکوژرێتەوە. | 20 |
میراتێک لە سەرەتای ژیان و بە زوویی دەست بکەوێت لە کۆتاییدا بێ بەرەکەت دەبێت. | 21 |
مەڵێ: «خراپە بە خراپە دەدەمەوە.» چاوەڕێی یەزدان بکە ڕزگارت دەکات. | 22 |
یەزدان قێزی لە بەکارهێنانی دوو کێشی جیاواز دەبێتەوە، تەرازووی لاسەنگ باش نییە. | 23 |
هەنگاوەکانی مرۆڤ لە یەزدانەوەیە، ئیتر مرۆڤ چۆن لە ڕێگای خۆی تێدەگات؟ | 24 |
تەڵەیە بۆ مرۆڤ بە سەرەڕۆیی نەزرێک تەرخان بکات، ئینجا پاش نەزرەکە پرسوڕا بکات. | 25 |
پاشای دانا بەدکاران شەن دەکات، بە جەنجەڕ بەسەریاندا دێت. | 26 |
چرای یەزدان ڕۆحی مرۆڤ دەپشکنێت، هەروەها هەموو ناخی دەروونیش. | 27 |
خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی پاشا دەپارێزن، بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەختی دەچەسپێت. | 28 |
شانازی لاوان هێزیانە، ڕیش سپیێتیش شکۆمەندی پیرانە. | 29 |
برینی لێدان خراپە پاک دەکاتەوە، لێدانی قامچیش ناخی دەروون. | 30 |